رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، چوار تەرمیان دوای کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی کەربەلا دەرهێناوە و ئاماژە بەوەش دەکات، زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە هۆکاری ئاگرەکە سووتانی بوتڵێکی گازی یەکێک لە کەژاوەکانی حوسێنییە بووە کە خواردنیان ئامادە کردووە.
عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق رۆژی شەممە، 29-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:00ی شەوی رابردوو ئاگرەکەی بازاڕی کۆنی کەربەلا بە تەواوی کۆنترۆڵکرا و چوار تەرم لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیەوە دەهێنران.
عەمید جەودەت عەبدولڕەحمـان گوتی، "تا ئێستا هیچ کەسێکی دیکە پەیوەندی پێوە نەکردووین کە بڵێت، کەسوکارمان دیار نییە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتی، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی بەرگریی شارستانی، ئاگرەکە بەهۆی سووتانی بوتڵی گازی یەکێک لە کەژاوەکانی یادی عاشورا بووە کە خواردنیان ئامادەکردووە و نزیک بووە لە بازاڕەکە.
بازاڕەکە، کە دەکەوێتە شەقامی ئیمام عەلی لە نزیک مەزاری ئیمام حوسێن لە کەربەلا، کۆگەی بازرگانی لێیە، بوونی سەندەویچ پەنەڵیش وایکردووە خێرا گڕبگرێت.
ساڵی رابردوو لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان 32 هەزار و 477 ئاگر لەلایەن بەرگریی شارستانیی عێراقەوە تۆمارکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ