رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 29 هەوڵى ئاراستەکردنى مووشەک و درۆنیان لە نێو خاکى عێراقەوە پووچەڵ کردووەتەوە. دەشڵێت، هەوڵى پەرەپێدانى تواناکانیان دەدەن بۆ ئاشکراکردنى سەرچاوەى ئەو هێرشە درۆنیانەى دەکرێنە سەر هەرێمى کوردستان.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، باس لە چەند پرسێک دەکات، لەوانە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. چارەنووسی هێزەکانی تورکیا لە عێراق دوای پرۆسەی چارەسەری، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ئێران.
پوچەڵکردنەوەى 29 هێرشى درۆن و مووشەکى
محەممەد شیاع سوودانی لەبارەى ئاڵۆزى و جەنگى ناوچەکە رایگەیاند: "دەزانین کە حکومەتی نەتەنیاهوو پێشتر و ئێستاش سیاسەتی وایە کە جەنگەکە لە ناوچەکەدا فراوان بکات، بۆیە پەرۆش بووین بۆ ئەوەی هیچ پاساوێک نەدرێتە دەست هیچ لایەنێک، تاوەکو و عێراق نەکرێتە ئامانج و پەلکێشی ئەم جەنگ و ململانێیە نەکرێت"
سوودانى گوتى:" ناکرێت هیچ لایەنێک یان کەسێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ چالاکیی سەربازیی کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بگەیێنێت، هەمیشە گوتوومانە و دووبارەی دەکەینەوە کە ئەمە بڕیاری دەوڵەتە و ئەمە بڕیاری هیچ کەس و گرووپێک نییە"
لە 24ى تیشرینى دووەمى 2024 ـەوە گرووپى موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق کە گرووپێکى چەکدارى نزیک لە کۆمارى ئیسلامى ئێرانە، بەرپرسیارێتى لە هیچ هێرشێکى درۆنى و مووشەکى رانەگەیاندووە کە بکرێتە سەر ئیسرائیل یان پێگەکانى ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە. لە کاتێکدا پێشتر رۆژانە بەرپرساریێتی خۆیان لە هێرشەکان دەردەبڕی.
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: "ئۆپەراسیۆنی ئەمنیمان بە هەماهەنگیی هاوپەیمانی دژی داعش هەبووە بۆ پووچەڵکردنەوەی چەندین هەوڵی ئاڕاستەکردنی مووشەک و درۆن لەناو خاکی عێراقەوە کە زیاتر لە 29 هەوڵ بوو، کاتی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری راماننەگەیاند، بەڵام بەکردار بوو هەروەها ئاشکرا و ناسراو بوو لەلای دۆستانمان".
"هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان تیرۆریستین"
محەممەد شیاع سوودانى لەبارەى هێرشە درۆنییەکانى ئەمدواییە بۆ سەر هەرێمى کوردستان گوتى: "هەوڵدەدەین تواناکانمان پەرەپێبدەین بۆ ئاشکراکردنی ئەو درۆنانە و شوێنی ئاراستەکردنیان، هەتاوەکوو بتوانین رێکاری یاسایی بگرینەبەر".
لە مانگى تەمووزدا تێکڕاى ئەو هێرشە درۆنیانەى کراوەتە سەر هەرێمى کوردستان 21 هێرش بوون.
سوودانى گوتى: "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئاستباڵای هاوبەش هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بۆ زانینی ئەو لایەنانەی کە ئەو کارە تیرۆریستییەیان کردووە".
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: هێرشکردنە سەر کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی کەرکووک و پاڵاوگەکانی بێجی، کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو کە ئابووریی نیشتمانیی کردە ئامانج".
دووژمنى هاوبەشى عێراق و سووریا
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: "لەگەڵ ئیدارەى سووریا دووژمنى هاوبەشمان هەیە کە داعشە کە بە شێوەیەکى روون و راگەیێنراو لە ناو سووریا هەیە".
بە گوتەى سوودانى داعش ناسەقامگیریی دۆخەکە و گۆڕانکارییەکانى قۆستووەتەوە و دەستى بەسەر "بڕێکى زۆر" چەکى سووریا گرتووە و بووەتە سەرچاوەى هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرى سووریا و وڵاتانى ناوچەکە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: "سووریا بۆ عێراق ئاسایشی نەتەوەییە و سەقامگیرییەکەی بۆ ئێمە گرنگە، بۆیە رژدین لەسەر ئەوەی گەلی سووریا ئاسایش و سەقامگیریی هەبێت و پرۆسەیەکی سیاسیی هەبێت کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆبگرێت و دابەشکردنی سووریا رەتدەکەینەوە".
دەمانەوێت ئەیلوولی 2026 ئەرکى هاوپەیمانان کۆتایی بێت
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق، محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، حکومەت گفتوگۆیەکی جدی و بەرپرسیارانەی لەگەڵ دۆستانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەنجامدا و "گەیشتینە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتییەکە لە ئەیلوولی 2026".
لە ساڵى 2014ـەوە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش لەسەر داواى حکومەت لە عێراقن، ئێستا ئەرکیان مەشقپێکردنى هێزە ئەمنییەکان و پێشکێشکردنى هاوکارى سەربازییە لە دژى داعش.
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: "گفتوگۆی دوولایەنە بۆ رێکخستنی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژى داعش دەکەین، دوو گەڕی گفتوگۆمان لەگەڵ ئەمریکا کردووە و ئامادەکاری بۆ گەڕی سێیەم لە ئەم ساڵدا دەکرێت، پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بنەمایەکی یاسایی دامەزراوە کە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی گشتگیرە و هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەدەین".
"پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران پتەوە"
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند کە ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و پەیوەندیی پتەویان لەگەڵیدا هەیە کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی ئایینی، کولتووری و کۆمەڵایەتی دامەزراوە و لە شەڕی دژی تیرۆردا پشتیوانیی کردوون.
لە ماوەى شەڕى 12 رۆژەى جەنگى مانگى حوزەیرانى رابردوو لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، هەردوولا بەسەر ئاسمانى عێراقدا هێرەشەکانیان دەکرد، لەکاتێکدا بەغدا داواى رێگرى دەکرد لەو هەنگاوە.
سوودانى گوتى: "جەختمان لە رەتکردنەوەی دەستدرێژیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە و هۆشداریمان دا لەوەی عێراق تێکەڵ بەم شەڕە بکرێت یان ئاسمانەکەی ببێتە رێڕەوێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتێکی دراوسێ".
پاساو بۆ مانەوەى سوپاى تورکیا لە عێراق نەماوە
رۆژی 27ى شوباتى 2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان راگەیاند کە تێیدا داواى لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆى هەڵبوەشێنێتەوە. دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان رۆژی 11-7-2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا.
تورکیا بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە چەندین بنکەی سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: "پێشوازیمان لە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، بۆیە ئێستا هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیا نییە و پێویستە خاکی عێراق بەجێبهێڵن"
سوودانى گوتى: "پەیوەندیی ستراتیژیمان لەگەڵ تورکیا هەیە و هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی پڕۆژە ئابوورییەکان، کە لەپێش هەموویانەوە پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ