ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە مامەڵەی بەناوکردنی خانوو لە کوردانی ئێزدی خۆشبێت

29-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان لێخۆشبوونە لە مامەڵەکانی بەناوکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کوردانی ئێزدی.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە مامەڵەکانی بەناوکردنی خانوو و یەکە نیشتەجێبوونەکان بۆ پێکهاتەی ئێزدی لە شنگال، قەحتانیە، عەدنانیە و حەتین.
 
ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە، بڕیارەکە بەتایبەتی لە سیستمی وەرگرتنی باجی ئەلیکترۆنی دەبێت، "هەروەها بانکی ناوەندیی عێراق و بانکە تایبەتمەندەکان کاژێرەکانی کارکردن و وەرگرتنی پارەکان درێژ دەکەنەوە، بۆ تەواوکردنی پرۆسەی خاوەندارێتی بۆ پێکهاتەی ئێزدی لە ماوەیەکی پێوانەییدا."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر پێنجەمین راپۆرتی 6 مانگیی قۆناخەکانی پێشکەوتنی کار لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دا و، بەپێی یاسا ئاراستەی پەرلەمانی کرد.
 
راپۆرتەکە ئەم خاڵانەی روونکردووەتەوە:
 
1- رێژەی گشتیی جێبەجێکردنی سەرجەم ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت تاوەکو ئێستا، گەیشتووەتە 83%.
 
2- لە 6 مانگی رابردوودا بەرزترین رێژەی جێبەجێکردنی گشتیی ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت تۆمارکراوە.
 
3- بەرنامەی حکومەت لە چوارچێوەی 5 پێشینە سەرەکییەکە، پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە رێژەی جێبەجێکردندا بەخۆیەوە بینیوە، کە گەیشتووەتە 90%ی بەدیهێنانی ئامانجەکان.
 
4- لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی توێژە هەژار و کەم دەرامەتەکان، رێژەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت گەیشتووەتە 98.7%.
 
5- لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕیدا، رێژەی جێبەجێکردنی ئامانجەکان گەیشتووەتە 89.8%.
 
6- لە بواری چارەسەرکردنی دیاردەی بێکاری و رەخساندنی هەلی کاردا، رێژەی جێبەجێکردنی ئامانجەکان گەیشتووەتە 77.9%.
 
7- لە چاکسازی لە کەرتە ئابووری و داراییەکاندا، رێژەی جێبەجێکردن گەیشتووەتە 79%.
 
8- لە کەرتی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بەپەلەکاندا، رێژەی جێبەجێکردنی ئامانجەکان گەیشتووەتە (76%).
 
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، دەسەڵاتی دانوستاندن، واژۆکردنی پڕۆژە و رێککەوتنی دوورکەوتنەوە لە باجی دوولایەنە و رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باجدان لەنێوان عێراق و هەریەک لە چین، قەتەر و چیک بە وەزیری دارایی یان نوێنەری یاسایی بدرێت.
 
ئەنجوومەنەکە بڕیاری ئەوەشی دا، پارەی دەرکردنی ئەلیکترۆنی 50% کەم بکاتەوە، بە مەرجێک نرخی کارتەکە لە 5000 دینار زیاتر نەبێت.
 
لەگەڵ کەمکردنەوەی عمولەی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ (0.005)، لەسەر هەموو مامەڵەکانی تایبەت بە وێستگەکانی سووتەمەنی، لەگەڵ بەردەوامبوون لە کارکردن بەو رێژە دیاریکراوانەی ئێستا بۆ لێبڕین پەسەندکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە