مانگی سووری عێراقی: لە رووداوەکەی حەمدانیە 116 کەس گیانیان لەدەستداوە

29-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی رێکخراوی مانگی سووری عێراقی لە پارێزگای نەینەوا لەبارەی دوایین ئاماری قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵەکەی قەزای حەمدانیە رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 116 کەس و نزیکەی 200 کەسیش بریندارن.
 
شەوی پێنجشەممە، 28-9-2023، حەیدەر قاسم، بەرپرسی لقی پارێزگای نەینەوای رێکخراوی مانگی سووری عێراقی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی دوایین ئامار کە لەبەردەستی ئێمەدایە بەناو و بەڵگەنامەکانەوە ژمارەی ئەوانەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە گیانیانلەدەستدا 116 کەسن."
 
حەیدەر قاسم لەبارەی بریندارەکانیش گوتی: "ژمارەی ئەو بریندارانەی لەلای ئێمە تۆمارکراون لە پارێزگای نەینەوا نزیکەی 150 بریندارن و نزیکەی 50 برینداریش رەوانەی شارەکانی هەولێر و دهۆک کرابوون."
 
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی لیستێکی ناوی ئەو کەسانەی کە بێسەروشوێنن کە گوایە 20 کەس دەبن، بەرپرسی لقی نەینەوای رێکخراوی مانگی سووری عێراقی گوتی "راست نییە، شتێک نییە بەناوی بێسەروشوێنەوە، ئەوەی هەیە رەنگە تەرم هەبووبێت، کە ئەمەش ئەستەمە، واتە بەو ژمارەیە نییە، ئەمڕۆ ئێمە تەرمی منداڵێکمان لەژێر داروپەردووی هۆڵەکە دۆزییەوە."
 
ئەو بەرپرسەی مانگی سووری عێراق ئاماژەی بەوەدا بەشێکی تەرمەکان بەهۆی ئەوەی بەتەواوەتی سووتان یان شێواون ناناسرێنەوە و پێویستیان بە پشکنینی DNA هەیە.
 
شەوی 26-09-2023 ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی قەزای حەمدانییە کەوتەوە. سەرچاوەی ئاگرەکەش گڕدانی یاریی ئاگرین بوو لە نێو هۆڵەکەدا. 
 
هەر دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و بڕیارە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە ماوەی 72 کاژێر رابگەیێندرێت.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە