رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند زیاتر لە 7 هەزار پڕۆژە هەن کە سەرپێچیی مەرجەکانی سەلامەتییان کردووە لە عێراق لەنێویاندا هۆڵی بۆنەکان و هۆتێل و چێشتخانەکان هەیە. راشیگەیاند، خاوەنی چوار هەزار لەو پڕۆژانە سزادراون.
لیوا حەسەن ئیبراهیم خەزرەجی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: "لە هەموو پارێزگاکانی عێراق حەوت هەزار پڕۆژە هەن سەرپێچیی رێنماییەکانیان کردووە، لەنێویاندا پڕۆژەی تایبەت و هۆڵی بۆنەکان و هۆتێل و چێشتخانە هەن، لەو ژمارەیە خاوەنی چوار هەزار پڕۆژە سزادراون و پێبژاردنیان بۆ کراوە. خاوەنی سێ هەزار پڕۆژەکەی دیکەش سەردانیان نەکردووین."
ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەداوە، ساڵانە دوو پشکنین بۆ پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت دەکرێن، خاوەنی ئەو پڕۆژانەی کە سەرپێچییان هەیە ئاگاداردەکرێنەوە.
سەبارەت بە رووداوەکەی شەوی سێشەممەی رابردووی قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا کە بەهۆی سووتانی هۆڵێکەوە زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی نزیکەی 200 کەسی لێکەوتەوە، جێگری بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی عێراق گوتوویەتی: "هۆڵەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراوە، بەڵام وردەکاریی هۆڵەکە بۆ ئێمە نەنێردراوە، بەهیچ شێوەیەک پابەندی پێداویستییەکانی پاراستن و سەلامەتی نەبووە."
دەشڵێت، "ئێمە رووپێوییمان بۆ ئەو شوێنە کردووە و تێبینی سەرپێچیی روونی بۆ مەرجەکانی سەلامەتی و پارێزگاریی تێدایە، چونکە بنمیچی لە سەندەویچ پەنەڵ دروستکراوە، کە خێرا گڕدەگرێت و دەسووتێت و بەرگریی بۆ سووتان نییە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە بارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی قەزای حەمدانیە رایگەیاند، کەمتەرخەمی لە دروستکردنی هۆڵەکەی حەمدانیە هەبووە و 14 کەس دەستگیرکراون. راشیگەیاندووە لە هۆڵەکدا کەرەستەی خێرا گڕگرتوو بەکارهێنراوە و یاریی ئاگرینی قەدەخەکراو هەبوون، کە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ