بۆ یەکەمجار؛ سوودانی سەردانی دۆڵی حۆرانی کرد

29-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەردانێکی مەیدانیی بۆ دۆڵی حۆران و بیابانی ئەنبار لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرەدا کرد.
 
لە سەردانەکەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و حکومی یاوەرییان کرد، لەوانەش وەزیری بەرگری، سوپاسالار، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک فەرماندەی دیکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی بە شێوەیەکی مەیدانی و لە رێگەی ئاسمانییەوە، سەردانی هێزەکانی لە ناوچەکانی دۆڵی حۆران، سەقار، حوسەینیات، حوزەیمی، کەعرە و عەکاز کردووە. گوێی لە روونکردنەوەی وردی فەرماندەکان گرت سەبارەت بە کارە بەردەوامەکان بۆ دروستکردنی هێڵی بەرگری لە دۆڵی حۆران و دانانی بنکەی سەربازی لە ماوەی ئەم کابینەیەدا.
 
دۆڵی حۆران دەکەوێتە سنووری قەزای روتبە، بە دووریی 311 کیلۆمەتر لە روومادیی ناوەندی پارێزگای ئەنبار. بەهۆی سرووشتی ناوچەکە و هەڵکەوتەی جوگرافیی لە قووڵایی بیابان و دووریی لە ئاوەدانی، لە ساڵی 2003ـەوە یەکێک بووە لە مۆڵگە سەرەکییەکانی گرووپە چەکدارەکان. لە حوزەیرانی 2014، داعش لە دۆڵی حۆرانەوە هێرشی کردە سەر شارۆچکەی روتبە و داگیری کرد.
 
سوودانی لە سەردانەکەیدا چاودێریی چەند قەڵا و خاڵێکی قاییمکراوی کرد لە سنووری فیرقەکانی پێنجەم و حەوتەمی سوپا، لەوانەش بارەگای لیوای 20ـی فیرقەی پێنجەم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لە ناوچەکانی سەقار و حوزەیمی، هەروەها خاڵی سنووریی نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرە لە دەروازەی دۆڵی حۆران، کە دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتیی فەوجی دووەمی لیوای 78ـی فیرقەی حەوتەم.
 
رۆژی 2ـی ئەم مانگە و دوای زیاتر لە 20 ساڵ، سوپای عێراق کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی دۆڵی حۆرانی راگەیاند.
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ سەربازانی هێڵی بەرگری کۆبووەوە و لە رەوشیانی پرسی. جەختی لە پێویستیی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانیان کردەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. هەروەها گرنگیی ستراتیژیی ئەو ناوچەیەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، لەگەڵ گرنگییە ئابوورییە گەورەکەیدا، دووپاتکردەوە.
 
سەردانەکەی سوودانی، چاودێریکردنی ئاسمانیی کارەکانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەشی گرتەوە کە ئەرکی بەرهەمهێنانی نەوت و گازیان لە کێڵگەی عەکاز لەئەستۆیە.
 
دۆڵی حۆران بە درێژایی 370 کیلۆمەتر، لە باکووری سەرسارەوە تاوەکو سنووری عێراق و سعودیە درێژدەبێتەوە. دوای کۆنترۆڵکردنەوەی، هێزە عێراقییەکان هێڵێکی بەرگرییان تێدا دروستکردووە و هێزەکانی فیرقەی پێنج، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری لێ جێگیر کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو رووفاتانەی رادەستکرانەوە

رووفاتی 70 قوربانیی دیکەی کۆمەڵکوژیی بادوش رادەستکرانەوە؛ بەشێکیان خەڵکی سلێمانین

فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق رایگەیاند، پێنجەمین کاروانی رووفاتی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی زیندانی بادوش رادەستی کەسوکاریان کرانەوە، کە ژمارەیان 70 رووفاتە و بەشێکیان خەڵکی پارێزگای سلێمانین.