رووداود دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقیی لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ کۆتایی مانگی داهاتوو دواخست. ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممە دەڵێت، "دواخستنەکە بۆ ئەوەیە کە دادگەکە زیاتر لە بابەتەکە و سکاڵاکە بکۆڵێتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پێنج سکاڵا کۆبووەوە، سێ لەو سکاڵایانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، دوویان تایبەت بوون بە مووچەی فەرمانبەران.
دادگەکە بڕیاری دا یەکێک لەو دوو سکاڵایانە کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقییەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار کراوە، بۆ 28ـی مانگی داهاتوو دوابخرێت.
سکاڵاکار داوایکردووە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە، بدات و حکومەتی فیدراڵی پابەند بکات بە پێدانی مووچە لە وادەی خۆیاندا، هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023 مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە سەرجەم لائیحەی یاسایی خۆمان پێشکێشکرد و بەڵگە و پاساوی بەهێزمان هەبوو بۆ ئەوەی بەرگری لەو دۆسیە بکەین، چونکە پێمان وایە نابێت فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مووچەکانیان بکرێنە قوربانی ململانێی سیاسیی، بۆیە داوامانکرد بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەستووری عێراقیش، حکومەتی عێراق هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش بدات."
روونیشیکردەوە: "پارێزەری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دانیشتنەکە ئامادەبوو، پاساوەکانی لاواز بوون، دادگە بۆ زیاتر لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی دا."
پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵە و لە ساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقییەوە دامەزراوە، کار دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوون، کە بنچینەکەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی بەدیبهێنێت، وەکو لە کارنامەکەیدا هاتووە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
لەسەرەتاى ئەم ساڵەوە بەغدا بە چەند گوژمەیەک سێ تریلیۆن و 298 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، بڕیارە ئەم مانگە و مانگی داهاتووش یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى دیکە بە قەرز بنێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ