سوودانی: بەشدارینەکردن لە دەنگدان رێگەدانە بە گەڕانەوەی گەندەڵی و پشێوی

29-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، هانی هەمووان دەدات بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن و گوتی، بەشدارینەکردن بە واتای رێگەدانە بە گەڕانەوەی گەندەڵی و شکستهێنانە بۆ دروستکردنەوەی پشێوی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیوەخانی شێخ لەیس جەفات جیاد ئال شەعلان لە پارێزگای موسەننا، لەگەڵ شێخ و کەسایەتییە دیارەکان، کەسانی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیی عەشیرەتی زەوالیم کۆبووەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە، "هەڵبژاردنێکی گرنگمان لەپێشە و گەلەکەشمان بڕیار دەدات کێ لە رێگەی دەنگدان لە هەڵبژاردنێکی باشەوە دەسەڵات بگرێتە دەست."
 
سوودانی کە هاوکات سەرلیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە لە بازنەی بەغدا، دووپاتیکردەوە، "پێویستە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا فراوان بێت و دوورکەوتنەوە لێی بە واتای لەدەستدانی مافی هاووڵاتی دێت لە داڕشتنی داهاتووی سیاسیی عێراقدا." 
هەروەها روونی کردەوە، "بەشدارینەکردن بە واتای رێگەدانە بە گەڕانەوەی هێزەکانی گەندەڵی و شکستهێنان بۆ دروستکردنەوەی پشێوی و بەڕێوەبردنێکی خراپ."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان باسی لەوەش کرد، "پڕۆژەکەمان دید و میتۆدێکی هەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای خزمەتکردنی گەلەکەی بێت." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "سێ ساڵە دەستمان بە کارکردن کردووە بۆ دابینکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی گەلەکەمان و بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەمان."
 
جەختیشی لەوە کردەوە، "لە سێ ساڵی تەمەنی حکومەتەکەماندا لەسەر بنەمای کارکردن، دوور لە چەواشەکاری، درۆ، شێواندن و ژاوەژاو، کارمان کردووە." ئاماژەی بەوەشدا، "ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە دەستیان پێ کردووە کە هەلی کار بۆ گەنجەکانمان دابین دەکات و ئابووریی نیشتمانیش بەهێز دەکات."
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە