رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوورخستنەوەی بەربژێرەکان لەدوای پەسەندکردنی ناوەکانیان پەیوەستە بە "تاوانی هەڵبژاردن"، پرسی دیکە و پەیوەندیی نوێی کۆمیسیۆن و بەربژێرەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو دادگەی باڵاى فیدراڵی ناوی بەربژێرە سەرکەوتووەکان پەسەند دەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "دوورخستنەوەی بەربژێرەکان لەدوای پەسەندکردنی ناوەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە پەیوەستە بە تاوانی هەڵبژاردن یان کێشە لە شیاوییان بۆ بەربژێر بوون و چەند هۆکارێکی دیکە و، ئەو پرسە بە کراوەیی دەمێنێتەوە."
یەکی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند کرد. دوو رۆژ دواتر بانگەشە دەستیپێکرد.
دوورخستنەوەی بەربژێرەکان لەدوای پەسەندکردنی ناوەکانیان بەردەوامە، کە پەیوەستە بە پێشکێشکردنی بڕوانامەی ساختە، دەرکەوتنی پێشینەی تاوان و بەعسیبوون.
ئێستا ژمارەی بەربژێرەکان 7754 کەسن. دوای پەسەندکردنی ناوەکانیان، 15 بەربژێر دوورخراونەتەوە.
جومانە غەلای گوتی: "پەیوەندیى ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە بەربژێرانەوە لەگەڵ پەسندکردنی ناوی بەربژێرە سەرکەوتووەکان لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە کۆتایی دێت، تەنیا لە دۆخێکدا نەبێت کە ئەگەر پەرلەمانتارێک کۆچی دوایی بکات یان ببێتە وەزیر و شوێنەکەی چۆڵ بێت، داوا لە کۆمیسیۆن دەکرێت جێگرەوەکەى دیاری بکات."
بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو 8ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ