عێراق دەبێتە چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری خورما لە جیهاندا

29-10-2025
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
جۆرێکی خورما
جۆرێکی خورما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق لە ریزبەندی چوارەم گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری خورما لە جیهاندا جێگەی خۆی گرتووە و ئێستا 7%ـی خورمای جیهان بەرهەم دەهێنێت. ئەم پێشکەوتنە هاندەرێک بووە بۆ رێکخستنی فێستیڤاڵ و پێشانگەی تایبەت بە خورما لە بەغدا.
 
لە پێشانگەی خورمای بەغدا، جۆر و رەنگ و قەبارەی جیاوازەکانی خورما نمایشکراون و کڕیار و فرۆشیارانی لێک نزیک کردووەتەوە. مستەفا ئەمیر، یەکێک لە بازرگانانی خورما بە رووداوی گوت، "نزیکەی 20 جۆر خورمای زۆر دەگمەنی وەک قورمفڵی، ئەمیرحاج، بادەمی، بەلگەع و ئیسماعیل قادری و چەندین جۆری دیکەمان هەیە."
 
نێرگز کەنعان، یەکێک لە کڕیارانی پێشانگەکە باسی لەوە کرد، "حەزم لە خورمایە، چونکە جێگرەوەیەکی باشترە لە شیرینەمەنی و شتە دەستکردەکان، خورما سرووشتییە و بۆ تەندروستی بەسوودە. حەزدەکەم لە زۆر وەرزدا بیکڕم، بەتایبەت لە مانگی رەمەزان بۆ خواردن و کولیچە."
 
وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی عێراق، بۆ یەک ئامانج 250 کۆمپانیا و بازرگانیان لەو پێشانگەیەدا کۆکردووەتەوە، ئەویش زیادکردنی هەناردەی خورما بۆ دەرەوەی عێراقە.
 
موهەنەد سەهر، بریگاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: "داوا لە هەموو وەبەرهێنەرانی کەرتی خورما و جووتیاران دەکەین گرنگی بە هەناردەی خورمای پێچراو بدەن نەوەک خورمای خاو، بۆ ئەوەی نرخی خورمای عێراق لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر بێت. ئێستا عێراق لە رێزبەندی چوارەمە لە ژمارەی دارخورما و بەرهەمەکەیدا."
 
عێراق ئێستا خاوەنی 22 ملیۆن دارخورمایە و بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، پار 700 هەزار تۆن خورما هەناردەی وڵاتانی تورکیا، هیندستان، پاکستان، چین و یەکێتیی ئەورووپا کراون. بۆ ئەمساڵیش چاویان لە بڕێکی زیاترە.
 
لەناو پێشانگەکەدا زیاتر لە 30 جۆر لە باشترین خورماکانی عێراق نمایشکراون، بەڵام ئەوەی لە هەمووان نایابتر و نرخەکەیشی گرانترە، جۆری "قورمفڵی"یە کە لە کوردستان و بەدیاریکراوی لە خاکی مەندەلی بەرهەم دەهێندرێت. نرخی هەر کیلۆیەک لەم خورمایە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، 10 هێندە گرانترە و بە 45 هەزار دینار و زیاتریش لە بازاڕەکانی عێراق دەفرۆشرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە