رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری رایگەیاند، دادگەی باڵای فیدراڵی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا سکاڵایەکی ئەوانی رەتکردووەتەوە، کە لە دژی بەشێک لە مادە و بڕگەکانی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق تۆماریان کردبوو، دەشڵێت، "بڕیارەکەی دادگەکە تەواو سیاسییە، چونکە بەشێک لە سکاڵاکەی بە پاساوی ئەوە رەتکردەوە، کە لە تایبەتمەندیی ئەوان نییە، بەڵام وا نییە."
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 یەعقوب گورگیس یاقۆ، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگەی فیدراڵی ئەو سکاڵایەی ئێمەی رەتکردەوە کە لە دژی ژمارەیەک بڕگە و مادەی یاساکە تۆمارمان کردبوو، لەوانەش داوای جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکانمان کردبوو، بەڵام دادگەکە گوتی ئەوە لە تایبەتمەندێتی ئەواندا نییە، هەروەها بڕگەکانی دیکەی سکاڵاکەی لەسەر چەند مادەیەکی دیکەی یاساکە، کە دژی دەستووری عێراقە، بە پاساوی ئەوەی پێشتر یەکلایی کراوەتەوە، رەتکردەوە."
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 29-11-2023 دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکە کۆبووەوە، کە لە دژی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە 12ی ساڵی 2018، لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کرابوو.
سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری پێیوایە بڕیارەکەی "دادگە تەواو سیاسییە" و دەڵێت، "چونکە بەشێک لەو مادە یاساییانەی سکاڵامان لەسەر کردبوو، دژی بڕگە و مادەکانی دەستوورە و نەدەبوو سکاڵاکە رەتبکرێتەوە، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین بە راوێژ لەگەڵ راوێژکارە یاساییەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سکاڵا بکەین."
بەشێک لە لایەن و پارتە کریستیانەکان و بەشێک لە پێکهاتەکانی دیکە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن، داوا دەکەن تۆماری تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت.
بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و نوێنەرانی عێراق ژمارە 12ی ساڵی 2018، پێکهاتەکان پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان لە پارێزگاکانی "بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دهۆک و هەولێر" تەرخان دەکرێت، پێکهاتەی ئێزدی یەک کورسیی لە پارێزگای نەینەوا، پێکهاتەی سابیئەی مەندایی یەک کورسیی لە بەغدا و پێکهاتەی شەبەک کورسییەکی لە پارێزگای نەینەوا و پێکهاتەی فەیلی یەک کورسیی لە پارێزگای واست دەبێت.
هەموو عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردنی دەبێت بۆ پێکهاتەی سابیئەی مەندایی.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانی کریستیان و سابیئەی مەندایی و کوردی فەیلی و هەر کورسییەک بۆ پێکهاتەیەک لە بەغدا تەرخاندەکرێت، لە پارێزگای نەینەوا پێکهاتەکانی کریستیان و ئێزدی و شەبەک یەکی یەک کورسییەکیان بۆ تەرخاندەکرێت، لە پارێزگای بەسرە یەک کورسی بۆ کریستیان، لە واست یەک کورسی بۆ فەیلییەکان، لە میسان یەک کورسی بۆ سابیئەی مەندایی، لە پارێزگای کەرکووک یەک کورسی بۆ کریستیان.
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت، کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ