رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى پاڵاوگەى ناوەڕاست کە سەر بە وەزارەتى نەوتە، بە پێنج ساڵ بەندکردن سزادرا و بڕی 30 ملیار دیناریشی لێوەردەگیرێتەوە، لەدواى ئەوەى تۆمەتى شاردنەوەى داهاتى ئاڕاستە کرا.
رۆژی 29ى تشرینى دووەمى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، دادگەى ناوەندى بنبڕکردنى گەندەڵى، بەڕێوەبەرى گشتیى ئێستاى کۆمپانیاى پاڵاوگەى ناوەڕاستى سەر بە وەزارەتى نەوتى بە پێنج ساڵ بەندکردن سزاداوە و 30 ملیار دیناریشی لێوەردەگیرێتەوە کە بە شێوەیەکى نەشیاو دەستى کەوتوون.
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە، گەڕاندنەوەى ئەو 30 ملیار دینارە لەدواى ئەوە بووە کە پێشتر بڕى یەک ملیار و 500 ملیۆن دینارى گەڕاندووەتەوە.
رۆژی 18ـی ئەیلوولى 2023، عائید خەفاجى، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى پاڵاوگەى ناوەڕاست بەتۆمەتى گەندەڵى و زیادکردنى نائاسایی موڵک و ماڵەکەى دەستگیرکرا.
بڕیارى دەستگیرکردنى عائید خەفاجى، لە 17ـی ئەیلوولى 2023 لەلایەن دادگەى تێهەڵچوونەوەى کەرخ لە بەغدا دەرکرا، لەسەر بنەماى سکاڵایەک کە دەستەى دەستپاکیی عێراق لە دژى تۆماری کردبوو.
بەگوێرەى نووسراوێکى ئەو دادگەیە، عائید خەفاجى بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر دەستگیرکراوە.
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکیى عێراق، بەڕێوەبەرى گشتیى پاڵاوگەى ناوەڕاست، شەش موڵکى خۆی لە کۆمەڵگەیەکى نیشتەجێبوون لە عومان لە دەستەکە شاردووەتەوە و دوو گرێبەستى هاوبەشى لە هۆتێل و دوو کۆمپانیاشی هەبووە، کە ئاشکرای نەکردوون و بڕى پارە زیادەکانیشی گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیار و 841 ملیۆن دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ