حیزبوڵڵای عێراق کردەوە چەکدارییەکانی لە دژی ئەمریکا رادەگرێت

30-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، کردەوە چەکدارییەکانیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا رادەگرێت و داوا لە چەکدارەکانی دەکات تەنیا بەرگری بکەن.
 
لە راگەیێندراوێکدا رۆژی سێشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2024، ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، "سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و ئەمنییەکانمان بۆ سەر هێزەکانی داگیرکەر هەڵدەسپێرین، بۆ شەرمەزارنەکردنی حکومەتی عێراقی".
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەڵێت، بە رێگەی دیکە بەرگری لە خەڵکی غەززە دەکەن، داواش لە چەکدارەکانی دەکات تەنیا لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەریان وەڵام بدەنەوە و بەرگری لەخۆیان بکەن. 
 
کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق، سێ لیوای لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە کە لیواکانی 45، 46، 47ن، زیاتر لە سێ هەزار چەکدار دەبن، کۆی گشتی چەکدارەکانیشی بە شەش هەزار مەزەندە دەکرێن. چەند پێکهاتەیەکی دیکەشی هەیە کە بریتین لە گرووپی چەکداریی بچووکتر، لەوانە "وەعدی حەق، ئەهلی مەعرووف، رەبعوڵا، قاسم ئەلجەبارین، لیوای ئەبو فەزڵی عەباس، کەتیبەکانی کەربەلا، کەتیبەکانی زەیدی کوڕی عەلی، کەتیبەکانی عەلی ئەکبەر و کەتیبەکانی سەجاد". بەشێک لەو هێزانەیان لە سووریا و شوێنی دیکەن. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 28 کانوونی دووەمی 2024، لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا و بەهۆیەوە سێ سەربازیان کوژراون و 40ـی دیکە بریندار بوون.  رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە کەناڵی msnbcـی وڵاتەکەی گوت، "ئێمە دەزانین ئێران چەک و زانیاری بۆ گرووپە نزیکەکانی دابین دەکات. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانمان، کەتائیبی حیزبوڵڵا لەپشت هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەوە بووە".
 
 لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە، جۆن کێربی باسی لەوەکرد، "هیچ گومان لەوەدا نییە وەڵاممان دەبێت، بەڵام وەڵامەکە لە کاتێکدا دەبێت خۆمان بە گونجاوی بزانین". 
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، خەڵکی ئەمریکا لە بەردەوامی ئەو هێرشانە نیگەرانن دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا، "دەبێت هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان بنێین". 
 
بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە 17-10-2023وە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، نزیکەی 160 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
 
هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە جیاواز بوو، چونکە بووە هۆی کوشتنی سێ سەرباز و برینداربوونی 34ی دیکە. کێربی گوتی، "هێرشەکە لە رێگەی یەک درۆنەوە بووە و هەندێک لە سەربازە بریندارەکانیشمان دۆخیان جێگیر نییە".
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، لەکاتی هێرشەکەدا زۆربەی سەربازەکانیان لە خەودا بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.