رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی عێراقی سزای لە سێدارەدانی بەسەر دوو بەرپرسی پێشووی حیزبی بەعسدا سەپاند، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە کوشتنی محەممەد باقر سەدر، مەرجەعی ئایینیی شیعە و دامەزرێنەری حیزبی دەعوە.
رۆژی یەکشەممە، 30ی حوزەیرانی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی سزاکەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دادگەی تاوانەکانى عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ سەعدون سەبڕی و هەیسەم عەبدولعەزیز دەرکردووە، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە لە کوشتنی محەممەد باقر سەدر، مەرجەعی ئایینی شیعە و بینتولهوداى خوشکی.
ساڵی 1980، محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی لەلایەن دەسەڵاتی پێشووی حیزبی بەعسەوە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پیلانگێڕى، لە سێدارە دران.
سەرەتای ئەم ساڵ، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەستگیرکردنی ئەو دوو بەرپرسەی حیزبی بەعسیان راگەیاند و دانپێدانانەکانیانى بڵاوکردەوە لە بارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کرابوو.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە، ئەو دوو بەرپرسەی پێشووی بەعس، چەند تۆمەتێکی دیکەشیان ئاراستە کراوە کە تایبەتن بە دەستگیرکردن و لە سێدارەدانی چەند ئەندامێکی دیکەی حیزبی دەعوە لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعسدا.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو دوو تۆمەتبارە چەند پۆستێکیان لە نێو دەزگا ئەمنییەکانى دەسەڵاتى پێشوو بەڕێوەبردووە و دانیان بەوەداناوە کە بەشدار بوون لە تاوانى کوشتنى محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی لە ناوچەى جسر دیالە لە پارێزگاى بەغدا و دواتر تەرمەکانیان گواستووەتەوە بۆ پارێزگاى نەجەف.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ