خاچی سوور بۆ رووداو: چارەنووسی سەدان هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان نادیارە

30-08-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
ئەڤین یاسین، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان
ئەڤین یاسین، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خاچی سووری نێودەوڵەتی ئامارێکی نوێ لەبارەی کەسانی بێسەروشوێن لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار خێزان دۆسیەی ونبوونی کەسوکاریان لای ئەوان تۆمار کردووە، بەڵام ژمارەی راستەقینەی بێسەروشوێنان بە سەدان هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، کە مێژووەکەیان بۆ شەڕی عێراق - ئێران و ساڵانی هەشتاکان دەگەڕێتەوە.
 
ئەڤین یاسین، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دۆسیەی بێسەروشوێنان یەکێکە لە ئاڵۆزترین میراتەکانی دەیان ساڵ لە شەڕ و ناکۆکی لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ونبووان بەردەوامە.
 
ئەو بەرپرسەی خاچی سووری نێودەوڵەتی گوتی، لە ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئێستا، "30 هەزار و 650 خێزانی کەسانی ونبوو هاتوونەتە سەردانمان و دۆسیەیان لای ئێمە کردووەتەوە،" بەڵام جەختی لەوەش کردەوە، ئەمە تەنیا ژمارەی تۆمارکراوە، "ئەم ژمارەیە زۆر زۆر لەوە زیاترە، چونکە زۆربەی خێزانەکان نازانن رێکخراوێکی وەک خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بوارە کار دەکات."
 
تەنیا لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، زیاتر لە 732 خێزانی دیکە سەردانی نووسینگەکانی خاچی سووریان کردووە بۆ سۆراخکردنی ئازیزانیان؛ لەو ماوەیەدا چارەنووسی 266 کەسی بێسەروشوێن ئاشکرا کراوەو وەڵامی خێزانەکانیان دراوەتەوە.
 
لە شەڕی ئێرانەوە تاوەکو کۆچی نایاسایی
 
دۆسیەی بێسەروشوێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین قۆناخی جیاوازی گرتووەتەوە؛ لە قوربانییانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، تاوەکو شەڕی کوێت، هێرشەکانی داعش و دواجاریش ئەو گەنجانەی لە رێگەی کۆچی نایاساییدا بەرەو ئەوروپا بێسەروشوێن بوون.
 
ئەڤین یاسین ئاماژەی بەوە کرد، کە خاچی سوور لە رێگەی تۆڕێکی جیهانییەوە کار دەکات بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی ونبووان، "بۆ نموونە لە حاڵەتی کۆچکردندا، ئێمە لە رێگەی ئۆفیسەکانمان لە وڵاتانی وەک یۆنان و ئەوروپا هەوڵی سۆراخکردنیان دەدەین."
 
دروشمی ئەم ساڵی رێکخراوەکە بۆ ئەم دۆسیەیە بریتییە لە "سۆراخکردنمان بەردەوامە". ئەڤین یاسین دەڵێت، "هەندێک خێزان بێهیوا بوون، بەڵام ئێمە پێیان دەڵێین بێهیوا نەبن. هەندێکیان تەنیا دەیانەوێت چارەنووسێک بزانن، دەڵێن 'ئەگەر مردووشە، با رووفاتێکمان هەبێت'."
 
دۆسیەی ئێزدییەکان و هاوکارییەکان
 
سەبارەت بە چارەنووسی هەزاران کوردی ئێزدی، کە لەلایەن داعشەوە رفێندران، بەرپرسەکەی خاچی سوور رایگەیاند ئەوان بەردەوام لەگەڵ خێزانەکان لە پەیوەندیدان و لە رێگەی "پرۆگرامی یاوەری"ـیەوە، پشتگیریی دەروونی، یاسایی و ئابوورییان پێشکەش دەکەن.
 
هەروەها خاچی سوور لە بواری پزیشکیی دادوەریدا کار دەکات و لە ساڵی 2024ـدا، روفاتی 153 سەربازی ئێرانی و 50 سەربازی عێراقییان لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا گۆڕیوەتەوە.
 
خێزان و کەسوکاری بێسەروشوێنان دەتوانن لە سەرانسەری عێراقەوە لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی بێبەرامبەری (80022222) پەیوەندی بە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە بکەن و دۆسیە بۆ ئازیزانیان بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە