مالیکی بۆ دەنگدەران: کەسی باش هەڵدەبژێرن، یان ئەوانەی 100 بۆ 200 دۆلارتان پێدەدەن؟

30-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق گەورەترین ئاڵنگاری و یەکلاکەرەوە دەبێت. روو لە دەنگدەرانیش دەکات و دەڵێ: "ئایا کەسی باش هەڵدەبژێرن، یان ئەوانەی 100 بۆ 200 دۆلارتان پێدەدەن؟"، بێ ئەوەی روونی بکاتەوە کێن ئەوانەی ئەو بڕە پارەیە دەدەنە خەڵک بۆ ئەوەی دەنگیان بدەنێ.
 
نووری مالیکی، شەوی چوارشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانییەکەدا لە بەغدا رایگەیاند: "ئەوەی دەیەوێت وڵاتێکی بەهێز، ژیانێکی خۆش و شکۆمەند، ئابوورییەکی بەهێز و دامەزراوەی سەربازیی بەهێزی هەبێت، دەبێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات، چونکە لە پەرلەماندا دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرجەستە دەبن و یاساکان دەردەچن و چاودێریی سەرجەم دامەزراوەکان دەکرێت."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، "وادەکەمان رۆژی 11-11ـەیە و لە رۆژی دەنگدان یەکدی دەبینین و ئەمانەتی دەنگدان بەجێدەگەیێنین. دەنگدان شایەتیدانە، لەوێ جیاوازی دەکرێت کامە باشە و کامە خراپە، ئایا ئەو کەسە هەڵدەبژێرن کە 100 بۆ 200 دۆلارتان پێدەدات، یان کەس و لیستی باش هەڵدەبژێرن؟ لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە وڵات بنیاد دەنرێت."
 
نووری مالیکی باسی ئەرکێکی تەواونەکراوی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێ: "تاوەکو ئێستا یاسا و رێساکانی تەواو نەکردووە و بە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوو و رژێمی پاشایەتی کار دەکات."
 
هەروەها مالیکی رایگەیاند، "ئەو شەڕەی لە چەند ناوچەیەکدا بەڕێوەدەچێت، بریتییە لە دەرکەوتنی شیعە بۆ ئەوەی ببنە جەمسەرێکی رکابەر خاوەن توانا و پێگەی مادی و ئابووری و مرۆیی و مێژوویی و سەرجەم پێکهاتەکانی هێزن. ئامانجگرتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەرئەوەیە یەکێکە لە گرنگترین جەمسەرە یان ناوەندە شیعییەکان، هاوشێوەی عێراق و لوبنان و یەمەن."
 
مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆژەی زایۆنیستی ئامانجی ئەوەیە وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل بگۆڕێت بۆ چەند دەوڵەتێکی بچووک کە توانای رووبەڕووبوونەوەیان نەبێت."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردەوە، "دەبێت رووبەڕووی هەوڵی گەڕانەوەی ئەو تیرۆریستانە ببینەوە تاوانیان دژی خەڵکی عێراق کردووە و خوێنی خەڵکی بێتاوانیان رشتووە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.