رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومی عێراق و سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی کە "هەرکاتێک پێویست بکات دەتوانم لە دادگە ئامادە بم.. رێز لە یاسا دەگرم و لە یاسا راناکەم."
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم باسی لەوە کرد، "رایدەگەیێنم، عێراق جێناهێڵم، هەر لە عێراق دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەچم و ئامادەی دادگەییکردن دەبم. پێشتر ئەزموونی هاوشێوە هەبوو، هەر کێشەیەکی سیاسیی هەبووایە، ئەو کەسە عێراقی جێدەهێشت و لە دەرەوەی وڵات، دامەزراوەکانی بە ئامانج دەگرت و بەردەوام قسەی لە دژی وڵات دەکرد. هیچ شتێکی شاراوەمان نییە، دڵنیاین لە رێکار و کارەکانمان. خۆم زۆر رێز لە یاسا دەگرم و بەهیچ شێوەیەک یاسا نابەزێنم و پێشێلی ناکەم. باش دەزانم، ئەگەر مافخوراو بیت، دەوڵەت دوای 100 ساڵیش بێت، مافەکەت بۆ دەگەڕێنێتەوە. هەر کەسێک هەڵەیەکی کردبێت، یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکات و هەمیشە بەدوایدا دەگەڕێت. بۆیە من لەناو کەسوکار و گەل و جەماوەرەکەمدا دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، ئامادە دەبم".
سەرۆکی پارتی تەقەدووم ئاماژەی بەوە کرد، "لە بەرامبەر ئێوە رایدەگەیێنم، چوومە بەردەم دادگەی عێراقی. وەک هاووڵاتییەکی عێراقی و سیاسەتڤانێک، پابەندم بەجێبەجێکردنی یاسا بۆ ئەوەی هەمیشە دادگە خاڵی یەکلاییکەرەوە بێت بۆ هەموو پرسێک. لەبارەی چەند سکاڵایەک، لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا. لێکۆڵینەوەکان لە چەند کەیسێکی جیاوازدا چەندین کاژێری خایاند. لێرەوە رایدەگەیێنم، بەڵێنمداوە و بەڵێننامەشم پڕکردووەتەوە بۆ ئامادەبوون لە دادگە لەبارەی هەر کەیسێک و سکاڵایەک لە دژی من تۆمار بکرێت. بەڵێنمداوە هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەستبەجێ ئامادە دەبم. دەبێ رێز لە یاسا و دادگە و دادوەران بگرین. هەمیشە کارمانکردووە و هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی دامەزراوەیی کە تێیدا یاسا سەروەر بێت".
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتیی لە حەلبووسی کە لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی بوو، بڵاوکردەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵی باسی ئەوە دەکات کە محەممەد حەلبووسی لەژێر گوشاردا کاخەزی سپیی بە پەرلەمانتارانی حیزبەکەی پڕکردووەتەوە کە بریتییە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوە و هەر کاتێک بیەوێت پێشکێشی دەکات. دەشڵێت، پەرلەمانتار باسم خەشان، حەلبووسی تۆمەتبارکردووە بەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆبیی ئیسرائیلی گرێبەستی کردووە و ئەوەشی بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" وەسفکردووە و دەڵێت، "داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی کردووە، ئەوەش وەکو دادگە ئاماژەی بۆ کردووە دەکرێت سکاڵایەکی سەربەخۆ بێت".
دادگەکە روونیکردووەتەوە، "رۆژی 15-1-2023، لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان رایگەیاند، محەممەد حەلبووسی فەرمانی دیوانیی دەرکرد کە تایبەت بوو بە دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمان، بەڵام ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە لەژێر گوشاردا و لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان لێی وەرگیراوە نەوەک خولی پێنجەم، وەکو چۆن لە ئەندامانی دیکەش وەگیراوە و کاخەزی سپییان بەناوی دەستلەکارکێشانەوە پێ واژۆ کراوە و هەر کاتێک هەر ئەندامێک بیانەوێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێشدەکەن و لە پەرلەمان دەریدەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ