عێراق
وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 20 هەزار مێگاوات دابەزیوە و هۆکارەکەشی بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەکان و هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەگەڕێنێتەوە.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 20 هەزار مێگاواتە."
پێشتر وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، توانای بەرهەمهێنانیان گەیاندووەتە سەرووی 27 هەزار و 500 مێگاوات، واتە نزیکەی 8000 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو کەمبوونەوەیە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "ئێستا بەشێکی وێستگەکانی بەرهەمهێنان نۆژەن دەکرێنەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی زستان، ئەمەش وایکردووە ئاستی بەرهەمهێنان دابەزێت."
ئەحمەد موسا ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریش هۆکارێکی دیکەیە و بووەتەهۆی لەدەستدانی نزیکەی 1200 مێگاوات کارەبا. ئەو بڕە کارەبایە بۆ پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین دابین دەکرا.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت، عێراق پێویستی بە 54 هەزار مێگاوات کارەبایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ