380 سکاڵا لە دژی سەرپێچیکارانی ژینگە لە عێراق تۆمارکراون و 333 کارگەش داخراون

30-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 11 مانگی ئەمساڵدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق 380 سکاڵای دژی ئەو شوێنانە  تۆمارکردووە، کە سەرپێچیی رێکارەکانی پاراستنی ژینگەیان کردووە و 121 کارگەی بلۆک و 97 کارگەی قیر بەهەمان هۆکار داخراون، زیاتر لە پێنج هەزار ئاگر کوژێنراونەتەوە و نزیکەی 10 هەزار پڕۆژە بەهۆی سەرپێچیی رێکارەکانی سەلامەتی داخراون.
 
ئەو ئامارانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بڵاوکرانەوە، کە یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025 لە باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی پۆلیسی ژینگەوە 380 سکاڵا تۆمارکراون لە دژی ئەو شوێنانەی کە چالاکیی دژی ژینگەیان هەبووە و براونەتە بەردەم دادگە، کە سەر بە کەرتی تایبەت و گشتی بوون.
 
زۆرترین ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لە پارێزگای زیقار بووە، کە 105 سکاڵا بووە، لە نەجەف 70 سکاڵا و لە بەسرە 40 سکاڵا و لە کەرکووکیش 19 سکاڵا بووە.
 
میقداد میری رایگەیاند، 620 فەرمانی ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی ژینگە لە رێگەی پۆلیسی ژینگەوە ئاراستەی شوێنە سەرپێچیکارەکان کراوە؛ 121 کارگەی بلۆک و 115 کارگەی دروستکردنی بەربەستی کۆنکرێتی و 97 کارگەی قیر، بەهۆی ئەوەی رۆڵیان هەبووە لە پیسبوونی ژینگە داخراون و 1085 موەلیدەی ئەهلی و حکومی بەهەمان هۆکار رێکاری یاسایی لەدژیان گیراوەتەبەر.
 
بەشێکی دیکەی ئامارەکان تایبەت بوون بە چالاکیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی عێراق لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا.
 
موحسین کازم، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، تیمەکانیان لەو ماوەیەدا 5546 ئاگریان کوژاندووەتەوە و  بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاگرکەوتنەوە 85% کەمی کردووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، 9892 پرۆژە بەهۆی سەرپێچیکردنی رێکارەکانی سەلامەتی داخراون و بڕی ئەو پارانەی لە ئاگرکەوتنەوەکان لە سووتان پارێزراوە گەیشتووەتە 94 ملیار و 789 ملیۆن دینار.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە