رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق رەتیکردەوە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بڕیارى سزادانى ژمارەیەک بانکى دیکەى عێراقى دەرکردبێت. دەشڵێت، پرۆسەى بێبەشکردنى بانکەکان لە دۆلار بەردەوامە، ئەویش لە رێگەی لیژنەى سزادانی بانکی ناوەندی، کە هەفتانە دەیان بڕیار لەو بارەیەوە دەردەکەن.
عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاند، جیاوازییەکى "زۆر" هەیە لە نێوان ئەوەى بانکێک بخرێتە لیستى سزادراوان لەلایەن نووسینگەى چاودێریی ئوسوڵى بیانى (OFAC) لەگەڵ راگرتنى مامەڵەى بانکێک بە دۆلارەوە، کە ئەوەیان وەک سزا نییە، هێندەى ئەوەى هاندانى بانکەکەیە بۆ پەیوەستبوون بە پابەندبوونە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر. ئەو بنکانە دەتوانن دۆخى خۆیان راست بکەنەوە و پابەندبن بە رێنماییە پێویستەکان بۆ چوونە نێو مامەڵە دەرەکییەکان بەشێوەیەک کە گەرەنتى سەلامەتیى سیستمى خۆجێیی و نێودەوڵەتی بکات لە مەترسییەکان.
عەلى عەلاق رەتیکردەوە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بڕیارى سزادانى ژمارەیەک بانکى دیکەى عێراقى دەرکردبێت و گوتى، "ئەو بڕیارەى بەمدواییە دەرکراوە تەنیا پەیوەستە بە بانکى هودا و سەرۆکى ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنەکەى."
رۆژی 29ـی کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی هودای عێراقی و حەمەد یاسر موسەوی خاوەنی بانکەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە بە تۆمەتى ئەوەى ئەو بانکە، "چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق" کردووە.
پارێزگارى بانکى ناوەندى بە میدیاى فەرمیی عێراقى راگەیاندووە، پرۆسەى بێبەشکردنى بانکەکان لە دۆلار بەردەوامە، ئەویش بە هۆکارى پابەندنەبوون بە رێکار و بنەماکانى بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر، ئەو کارەش لە رێگەی لیژنەى سزادانی بانکەکەیان دەکرێت، کە بە گوتەی خۆی هەفتانە دەیان بڕیار لەو بارەیەوە دەدات.
عەلى عەلاق ئاماژەى بەوەشدا کۆتایی ئەم ساڵ کارکردن بە سەکۆى ئەلیکترۆنى کۆتایی دێت. دەشڵێت، چەندین پرۆسەى رەتکردنەوەى حەواڵەى دەرەکى لە رێگەى ئەو سەکۆیەوە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ