رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینەواى لە پۆستەکەى دوورخستەوە. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هۆکارەکەى ئەوەیە کە بە پۆشاکی سەربازییەوە لە فێستیڤاڵێکدا بەشداری کردووە."
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى بەرگریى عێراق، ئاماژە بەوە دراوە کە بە فەرمانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان، بڕیار دراوە بە دوورخستنەوەى عەبدوڵڵا رەمەزان جبوورى، لە ئەرکى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینەوا بە پاساوى زیانگەیاندن بە دامەزراوەى سەربازى.
31ى ئادارى 2024، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارى دوورخستنەوەى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینەوا ئەمڕۆ گەیشتووە و لەلایەن وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە بڕیارەکە دەرکراوە.
محەممەد کاکەیی گوتیشى: "ئەوەى تاوەکو ئێستا دیارە، ئەوەیە دوورخستنەوەیەى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەهۆى بەشداریکردنی بووە لە فێستیڤاڵى خواردن لە شارى مووسڵ."
فێستیڤاڵى ساڵانەى خواردن لە 29ى ئادارى 2024 لە مووسڵ دەستیپێکرد، لەیەکێک لە بڕگەکانیدا فەرمادەى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینەوا بە جلوبەرگى سەربازییەوە بەشداریکرد.
بەگوێرەى نووسراوەکەى وەزارەتى بەرگریى عێراق، داواکراوە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو بەرپرسە سەربازییە بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ