رووداو دیجیتاڵ
مووشەکێک لە ئەنبار و درۆنێک لە کێڵگەیەکی نەوتیی پارێزگای بەسرە کەوتنە خوارەوە. بەگوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، هیچکامیان زیانی گیانییان نەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، مووشەکێک بەر ماڵێکی ناوچەی سەرسار کەوتووە، بێ ئەوەی بتەقێتەوە و زیانی نەبووە و تیمی تایبەتی هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
ناوچەی سەرسار 20 کیلۆمەتر لە باکووری شاری رەمادی ناوەندی پارێزگای ئەنبارەوە دوورە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، درۆنێکیش لە شوێنێکی چۆڵ لەنێو کێڵگەی رۆژئاوای قورنەی یەک لە سنووری پارێزگای بەسرە کەوتووەتە خوارەوە، بێ ئەوەی بتەقێتەوە و زیانی گیانی و مادیشی نەبووە.
کێڵگەی رۆژئاوای قورنەی یەک 50 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای بەسرەوە دوورە و یەدەگەکەی زیاتر لە 20 ملیار بەرمیل نەوتە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ى شوبات، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران، بە درۆن و موشەک هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەکانی نەوت و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ