رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی سادیقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری نەوت تۆمارکردووە و بڕیارە 13ـی مانگی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگەکە بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبچێت.
عودەی عەواد لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگەکە کردووە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ دانانی داهاتەکانی نەوتی کوردستان لە بانکێکی دەرەوە بە نادەستووری هەژماربکرێت. پەرلەمانتارێکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "ئەگەر رێککەوتن بکرێت ئەو سکاڵایە کاریگەریی نامێنێت."
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی 13ـی حوەزیرانی ئەمساڵ دادگەکە یەکەم کۆبوونەوەی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای عودەی عەواد، ئەندامی فراکسیۆنی سادیقونی عەسائیب و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکات، سکاڵاکار داوای کردووە یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە تایبەتە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی لە (citi bank) کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقە بە نادەستووری هەژماربکرێت.
داواکە ژمارەی 87/فیدراڵی/2023ی هەیە و لەسەر هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت تۆمار کراوە.
رۆژی 31-5-2023 سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سکاڵاکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، چونکە لەسەر رێککەوتنەکان بۆ دەستکارییەکانی لیژنەی دارایی وەستاوە، ئەگەر رێککەوتن بەتایبەت لەسەر ئەو هەژمارە بکرێت ئەوا رەنگە ئەوە کێشەیەکی گەورە نەبێت کە داهاتەکانی نەوتی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی لە عێراق بێت یان لە دەرەوە، بەڵام ئەمە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە."
سیپان شێروانی گوتیشی: "هەژماری بانکی بۆ ئەوەیە چاودێریی لەسەر بێت و شوێنێک بێت بۆ دانان و دەرکردنی پارەکانی نێوی و پێناچێت زۆر کێشە بێت، بەڵام ئیدی شەپۆلێک لەلای بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە دروستبووە دژایەتی ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت مافەکان بە منەتەوە بدەنە هەرێمی کوردستان."
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا.
رۆژی 4ـی نیسانى 2023، هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق رێککەوتنیان واژۆکرد بۆ ئەوەى هەناردەی نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ)وە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.
دواتر رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی داهاتەکانی نەوتی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی دابنرێت و سەرۆکی حکومەتی کوردستان پارەکانی دەربکات، ئەوە لە رەشنووسی بودجەی 2023ـشدا جێگرکرا، بەڵام شەوی پێنجشەممە، 24ـی ئایار لیژنەی دارایی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کرد و یەکێک لە گۆڕانکارییەکان ئەوەیە ئەو هەژمارە لە بانکی ناوەندیی عێراق بکرێتەوە و دوای رەزامەندیی وەزیری دارایی، سەرۆکی حکومەت پارەی لێ رابکێشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ