رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دۆزینەوەی "چارەسەری ریشەیی لە چوارچێوەی دەستووری و یاسا بۆ پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرایەوە."
ئەمڕۆ شەممە، 31-05-2025، لەتیف رەشید و محەممەد شیاع سوودانی لە بەغدا کۆبوونەوە و تاوتوێی چەندین پرس کرا و گرینگترینیان چارەسەرکردنی کێشەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا لەبارەی مووچەوە.
رۆژی 28-05-2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نارد و ئاگاداریکردەوە، چیدیکە ناتوانن لە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن، چونکە "پشکی دیاریکراوی خۆی لە بودجە تێپەڕاندووە."
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "جەخت لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی کرایەوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا سەبارەت بە پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەوەی لە دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە".
کۆبوونەوەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 43 لە پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە پیرمان بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوە و رایانگەیاند، "بەپێی دەستوور و بڕیاری دادگەی فیدراڵی پێویستە بەغدا پابەند بێت بە ئەرک و ئیلتیزاماتى خۆی."
لە دیدارەکەدا، دۆخی گشتیی وڵات لەسەر ئاستی نیشتمانی، پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت خرانەڕوو. هەروەها گرنگیی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازیش دووپات کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنیداهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک "پایەیەکی سەرەکیی پرۆسەی دیموکراسی" کرایەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان "رەنگدانەوەی ئیرادە و خواستی گەلی عێراق بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ