ئەندامێکی رەوتی حیکمە: لە سەردانەکەی هادی عامری رێککەوتن بکرێت پێش جەژن مووچە دەنێردرێت

31-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، لە 48 کاژێری داهاتوودا هادی عامری وەکو نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە. دەشڵێت، سوودانی بڕیاریداوە ئەگەر رێککەوتن بکرێت، پێش جەژن بەشێوەی قەرز مووچە دەنێرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی ئایار، رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی ئەندام لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەماوەی 48 کاژێری داهاتوودا هادی عامری بە یاوەری شاندێک کە نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات دەگاتە هەرێمی کوردستان."
 
رەحیم عەبودی گوتی، شاندەکە سەرەتا لەگەڵ "بەڕێز مەسعود بارزانی" و دواتر لەگەڵ هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کڕۆکی کۆبوونەوەکەش لەسەر "پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
 
رەحیم عەبوودی گوتیشی، "سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، بەڵێنی دا ئەگەر کۆبوونەوەکە ئەنجامی هەبێت و حکومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا پابەندبوونی خۆی رابگەیێنێت کە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەست بکات و بابەتی تەوتین چارەسەر بکات، ئەوا پێش جەژن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز بنێرێت."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە، "حکومەتی فیدراڵی بەهەمان شێوەی حکومەتی هەرێم بەدەست کۆمەڵێک کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، لەوانە دابەزینی نرخی نەوت و نەبوونی سیولەی پێویست وایکردووە کێشە بۆ حکومەتی فیدراڵی دروست ببێت، بۆیە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەی عێراقی لەسەر بنیات نراوەتەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، کە ئەوانیش بنەمای سازان، هاوسەنگی و هاوبەشین."
 
رۆژی 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە". 
 
هەر ئەمڕۆ لەسەر ئەو پرسە؛ پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، لە ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین چارەسەر دەزانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە