وەزارەتى کارەباى عێراق: بۆ هاوردەکردنى کارەبا لە تورکیاوە تەنیا ماوە لەسەر نرخ رێکبکەوین

31-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، راکێشانى هێڵى هاوردەکردنى کارەبا لە تورکیاوە لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە تەواو بووە، بۆ خستنەکارى تەنیا ماوە لەسەر نرخەکەى رێکبکەون و بڕى ئەو کارەبایەى کە عێراق لەو رێگەیەوە هاوردەى دەکات 300 مێگاواتە.
 
رۆژی 30ى ئابى 2023 ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پڕۆژەى راکێشانى هێڵى کارەبا لە تورکیاوە بۆ عێراق بە رێژەى 100% تەواو بووە کە لە رێگەى پارێزگاى دهۆکى هەرێمى کوردستانەوە دەبێت.
 
ساڵى 2021 هەردوو حکومەتى تورکیا و عێراق لەسەر راکێشانى ئەو هێڵى گواستنەوەیەى کارەبا رێککەوتن و لە مانگى ئایارى رابردووش پرۆژەکە تەواو کراوە.
 
ئەحمەد موسا گوتى، "دەستکردن بە هاوردەکردنى کارەبا لە تورکیاوە بۆ عێراق تەنیا رێککەوتنى ماوە لەسەر نرخەکەى، کۆبوونەوە و دانوستاندنى نێوان هەردوولاش لەو بارەیەوە بەردەوامە بۆئەوەى بگەنە رێککەوتن."
 
بەگوێرەى رێککەوتنەکە، بۆ قۆناخى سەرەتا 300 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت، کە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى کارەبایە لە پارێزگاکانى نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەدین.
 
عێراق پێویستى بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەى 26 هەزار مێگاواتە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ کڕینى کارەبا دەبات لە کەرتى تایبەت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە