رووداو دیجیتاڵ
بکوژرانى ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە بە بەندکردنى تاهەتایی سزادران کە ساڵى رابردوو لە بەغدا کوژرا. یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئێرانى و چواریان عێراقی بوون. وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاشکرای کرد، چوار تۆمەتبارى دیکەى ئەو رووداوە ماون کە بەدوایاندا دەگەڕێن و تائێستا دەستگیر نەکراون.
رۆژی 31ى ئابى 2023 وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگە سزاى ئەو تۆمەتبارانەی داوە کە رۆڵیان هەبووە لە کوشتنى هاووڵاتیی ئەمریکى ستیڤن تڕۆیل، کە پار لە بەغدا کوژرا، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئێرانى و چوارى دیکەیان عێراقى بوون و سزاى بەندکردنى تاهەتایی دراون.
7ى تشرینى دووەمى 2022 ستیڤن تڕۆیل، تەمەن 45 ساڵان لە ناوچەى کەڕادەى بەغداى پایتەخت کوژرا، لەدواى ئەوەى لەلایەن گرووپێکى چەکدارەوە هەوڵى رفاندنی درا، دواتر گرووپى چەکدارى "سەرایا ئەسحابولکەهف" بەرپرسیارێتیى خۆی لە کوشتنى ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە راگەیاند و بانگەشەى ئەوەی کرد کە لە تۆڵەى کوژرانى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران و ئەبومەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى دەستەى حەشدی شەعبی ئەو کارەیان کردووە.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە کە چوار تۆمەتبارى دیکەى ئەو رووداوى کوشتنە ماون دەستگیر بکرێن، کە ئێستا هێزە ئەمنییەکان بەدوایانەوەن بۆئەوەى دەستگیریان بکەن.
ستیڤن تڕۆیل وەکو مامۆستا لە پرۆگرامێکى بووژاندنەوەى رێکخراوێکى بیانى کارى دەکرد و لەگەڵ هاوژینەکەى و سێ منداڵیدا لە ناوچەى کەڕادەى بەغدا دەژیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ