لە بەسرە ئەو کەسە دەستگیرکرا کە سەگێکی بۆیە کردبوو

31-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە دەستگیرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا سەگێکی بە بۆیەی شین رەنگ دەکرد. 
 
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە شەپۆلێکی تووڕەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد و داوای دەستگیرکردنی کەسەکە کرا.
 
عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەو "کارە قێزەونە کە پێچەوانەی رێسا مرۆییەکانە،" هێزەکانی بەشی پۆلیسی شار و بنکەی پۆلیسی حوێر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی تاوانی شار، ناسنامەی تۆمەتبارەکەیان دیاری کرد و دەستگیریان کرد.
 
عەقید عەزیز هاشم، روونیکردەوە، ئەو کەسە بەگوێرەی ماددەی 486ـی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵان، فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە
 
دوای کاردانەوەکان، تۆمەتبارەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکەدا دەرکەوت و داوای لێبووردنی لە کارەکەی کرد؛ سەگەکەشی لە تەنیشتی بوو و بۆیەکەی لێ کردبووەوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە جەختی لەوە کردەوە، رەفتاری لەو شێوەیە نوێنەرایەتیی بەها و رەوشتی کۆمەڵگەی عێراقی ناکات و داوای لە هاووڵاتییان کرد تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی ئەرێنی و لە خزمەتی بەها مرۆییەکاندا بەکاربهێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە