رووداو دیجیتاڵ
حیزبی بێت نەهرێن داوا دەکات هەموو گرووپە چەکدارەکان لە دەشتی نەینەوا دووربخرێنەوە و ناوچەکەیان نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ هەرێمییەکان و ئاماژە بەوەش دەکات کە نابێت پاکتاوی سیاسی و تائیفی لەو ناوچانەدا بکرێت.
مەکتەبی سیاسیی حیزبی بێت نەهرێن لە 47 ساڵەی دامەزراندنیدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، "لە رووی نەتەوەییەوە گەلەکەمان ئەمڕۆ بە سەختترین قۆناخەکانی کاروانی خەباتیدا تێدەپەڕێت، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاڵنگاری و سەختییانەی کە لە دژی هەن، دوایینیان کارەساتە خوێناوییەکەی بووک گواستنەوەی بەغدێدە [حەمدانیە] بوو کە لە ئەنجامدا سەتان کەس شەهید، بریندار و شوێنبزر بوون".
حیزبی بێت نەهرێن داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکات لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و بێلایەنانە بکات، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە و ئەوانەی کەمترخەم بوون سزا بدرێن.
مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا لە دۆخی ناوچە زۆرینە کریستیاننشینەکان لە پارێزگای نەینەوا نیگەرانە و دەڵێت، "داوا لە دەسەڵاتدارە پەیوەندارەکان دەکەین بە پەلە چارەسەری دۆخی ئەمنیی گرژی ناوچەکە بکەن. دۆخەکە ئەگەری خراپبوونی لێدەکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو رەوشە سیاسییە ئاڵۆزەوە کە هەیە؛ هەروەها دەبێت هەموو گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی گەلەکەمان دووربخرێنەوە. پێویستە ناوچەکە نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی؛ هەروەها نابێت پاکتاوی سیاسی و تائیفی تێدا بکرێت".
حیزبی بیت نهرێن پارتێکی سیاسیی ئاشوورییە، ساڵی 1974 دامەزراوە و ئامانجی بونیادنانی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەریی ئاشوورییە.
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی هەیسەم گڕی گرت. لە هۆڵەکەدا نزیکەی 700 کەس هەبوون، لە ئەنجامی رووداوەکەشدا زیاتر لە 120 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون.
ژمارەی دانیشتووانی حەمدانیە نزیکەی 120 هەزار کەسە و زۆربەیان کریستیانن. لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
رۆژی 1-10-2023 لیژنەی لێکۆڵێنەوەی حکومەتی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکراکرد.
لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە بوون کە لە هۆڵەکەدا چوار دانە هەبوون و هەر یەکێکیان چوار مەتر ئاگرەکەیان بەرزبووەتەوە و بنمیچی هۆڵەکەش نزم بووە. جگە لەوە، بوونی کحول کە خێرا دەسووتێت و بوونی کۆگایەکی ئەو مادانە و نەبوونی دەرگەی فریاگوزاریی گونجاو، هۆکاری دیکەی رووداوەکە بوون."
هەمان رۆژ مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ، ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵەکەی قەزای حەمدانیەی رەتکردەوە و داوایکرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێتەوە.
ئەو پیاوە ئایینییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە حەمدانیە، کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویشی لێ بوو، رایگەیاند، "بابەتی یەکەم و سەرەکی کە ئێمە بینیمان ئەنجامەکان بێ ئومێدی کردین، بەهیچ شێوەیەک جێی رەزامەندیی نەبوون، چونکە ئەم ئەنجامانە ئێمە پێش دوو سێ رۆژ لەمەوپێش لە گەلەوە گوێمان لێبوو."
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ گوتی، "ئایا سەندەویچ پەنەڵ بەو خێراییە دەسووتێت؟ ئومێد دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی دیکە بکرێت و هەمان ئەو سەندەویچ پەنەڵە بهێنرێت و لەبەردەم گەل بسووتێندرێت بۆ ئەوەی ئەو خێراییە ببیندرێت کە تێیدایە. شتی نالۆژێکی لەو لێکۆڵینەوە هەیە کە سەرمان لێی سوڕما."
حیزبی بێت نەهرێن کە حزبێکی کریستیان، کلدان ئاشوورییە و لە یەکی تشرینی دووەمی 1976 دامەزراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ