نمایشێک لە قوڕ.. ژیانی رۆژانەی ئاوارەکان لەنێو قوڕی کەمپێکی باکووری سووریا

01-02-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
پیاوێک لە کەمپێکی ئاوارەکانی سووریا یارمەتیی منداڵێک دەدات. وێنە: AFP/Rami al SAYED
پیاوێک لە کەمپێکی ئاوارەکانی سووریا یارمەتیی منداڵێک دەدات. وێنە: AFP/Rami al SAYED
نیشانەکردن نمایشێک لە قوڕ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندێک بە پێکهاتەی قوڕ ژیانی رۆژانەی ئاوارەکان لەنێو قوڕی کەمپی حیش لە باکووری رۆژئاوای سووریا، دەنەخشێنێت.
 
عەمار نەداف، هونەرمەند و چالاکڤان دەڵێت "ئامادەکاری دەکەین بۆ نمایشێک کە ناوی 'نمایشێک لە قوڕ'ە. حەزمانکرد لەڕێگەیەوە نەهامەتی براکانمان لەنێو خێوەتەکان بخەینەڕوو. بە دیاریکراوی لەدوای ئەو شەپۆلە ساردەی لە با و باران کە بەسەر شوێنەکەدا هات و زیانێكی زۆری پێگەیاند. لە کارەکانماندا قوڕمان بەکارهێناوە چونکە زیاتر لە راستی ژیانی نێو کەمپەکانەوە نزیکە".
 
پێشانگەکە لەلایەن رێکخراوە ناحکومییەکانەوە رێکخراوە و تێیدا بەشێک لە منداڵان بەشدارییان کردووە.
 
نزیکەی هەشت ساڵە ژمارەی ئاوارەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا رۆژ بە رۆژ هەڵدەکشێت و ئێستا تەنیا لە ئیدلب زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە هەن.
 
هەموویان لەسەر هاوکارییە دەرەکییەکان و بەشێکی کەمی ناوخۆییەکان دەژین.
 
ئیبراهیم سەرمینی، هونەرمەند و چالاکڤان ئاماژەی بەوە کرد "پێشانگەکە چەندین تابلۆی لەخۆگرتووە کە لەگەڵ منداڵانی نێو کەمپەکان لە ماوەی 15 رۆژدا کێشاومانن. ئامانجی سەرەکیی رێکخستنی پێشانگەکە گەیاندنی دەنگی ئاوارەکانە کە بە بارودۆخێکی زۆر قورسدا تێپەڕدەبن بەبێ هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک".
 
ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە بە چاودێریی تورکیا، زیاتر لە هەزار و 700 کەمپی ئاوارە هەن کە زۆربەیان بە هەڕەمەکی درووستکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە