سوپای ئەمریکا: بە هاوکاریی هەسەدە سەرکردەیەکی داعشمان دەستگیر کرد

02-09-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە سەرکردەیەکی داعشیان بەناوی خالید ئەحمەد دەندال لە رەققەی سووریا دەستگیرکرد.
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سوپای ئەمریکا بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرکردەیەکی داعشیان دەستگیر کرد دوای ئەوەی لە گرتووخانەیەکی رەققە هەڵاتبوو".
 
سێنتکۆم دەشڵێت، ئەو سەرکردەیەی داعش "لەدوای هەڵاتنی لە گرتووخانەی رەققە، هاوکاریی چەکدارانی دیکەی داعشی کردووە."
 
هەروەک سێنتکۆم باسی دەکات، ئەو سەرکردەیەی داعش بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە دەستگیرکراوەتەوە. 
 
ئەو سەرکردەیەی داعش، بەگوتەی سێنتکۆم، "یارمەتی ئەو چەکدارانەی داعشی داوە کە پێشتر لە گرتووخانەکان هەڵاتوون، لەنێویاندا ئەو چەکدارانەی کە 29ـی مانگی رابردوو هەڵاتن".
 
رۆژی 29ـی مانگی رابردوو، پێنج چەکداری داعش کە پێکهاتبوون لە دوو چەکداری رووسی، دوو ئەفغانی و چەکدارێکی لیبی، لە گرووتووخانەی رەققە هەڵاتن.
 
تاوەکو ئێستا هەسەدە چەکدارێکی رووسی و چەکدارە لیبییەکەی داعشی دەستگیر کردووەتەوە و لە گەڕان بەدوای ئەوانی دیکەش بەردەوامە. 
 
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە: "داعش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو چەکدارانەی کە لە گرتووخانەکاندان و دەیەوێت بۆ بەهێزکردنەوەی بەکاریانبهێنێت. سوپای ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی هەڕەشەی داعشە هەڵاتووەکان و دڵنیابوونەوە لە بەزاندنی یەکجارەکیی داعش".
 
سێنتکۆم ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە نۆ هەزار چەکداری داعش لە زیاتر لە 20 گرتووخانەی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا هەن. دەشڵێت، "ئەگەر ژمارەیەکی زۆر لەو زیندانییانە هەڵبێن، ئەوا مەترسییەکی گەورە دەخەنە سەر ناوچەکە".
 
لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو زیندانییانەی داعش، سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی چەکدارەکانی داعش بۆ وڵاتەکانی خۆیان".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە