رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای "ڤیزا"ـی جیهانی رایگەیاند، دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە لە سووریا، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ بانکی ناوەندیی سووریا لەسەر "نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی" بە ئامانجی دامەزراندنی سیستەمێکی پارەدانی دیجیتاڵی و تێکەڵکردنەوەی ئەو وڵاتە بە ئابووریی دیجیتاڵیی جیهان.
لە راگەیێندراوێکدا کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە زەمینە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان لەنێو سووریا و پەرەپێدانی ژێرخانێکی دارایی "ئامادە بۆ داهاتوو"، بەجۆرێک پشت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت و شەفافیەت لە مامەڵە داراییەکاندا زیاد بکات.
کۆمپانیای ڤیزا روونیکردووەتەوە کە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە جەخت لەسەر کارکردن لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییە مۆڵەتپێدراوەکان دەکاتەوە بۆ دەرکردنی کارتی پارەدانی مۆدێرن و کاراکردنی جزدانی ئەلیکترۆنی. ئەمەش لە رێگەی پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای "بەکۆدکردن" و پێوەرە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی مامەڵەکان و بەستنەوەی بەکارهێنەران و بازرگانان بە تۆڕە جیهانییەکانی پارەدان.
لە کەرتی تاکفرۆشیشدا، ڤیزا کار دەکات بۆ فراوانکردنی تۆڕی وەرگرتنی پارەدانی دیجیتاڵی لە بازاڕە ناوخۆییەکانی سووریا لەڕێگەی چارەسەری کەمتێچوو وەک پارەدان بە مۆبایل یان کۆدی 'کیوئاڕ'، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانە بۆ چوونە نێو ئابووریی دیجیتاڵی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، نەخشەڕێگەکە وەبەرهێنان لە بەرنامەکانی راهێنان و هاوبەشیی پەروەردەیی لەخۆدەگرێت بۆ پێگەیاندنی کادری نیشتمانی کە توانای بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی سیستەمی پارەدانی مۆدێرنیان هەبێت.
هەروەها ڤیزا پاڵپشتیی خاوەنکاران و کۆمپانیا بچووکەکان لە سووریا دەکات لە بواری تەکنەلۆژیای دارایی و دەیانبەستێتەوە بە هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانییەوە.
لەیلا سەرحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمپانیای ڤیزا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند: "سیستەمێکی پارەدانی جێی متمانە و شەفاف بنەمایە بۆ بووژانەوەی ئابووری و هاندەرە بۆ راکێشانی وەبەرهێنان."
سەرحان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هاوبەشییە رێگە بە سووریا دەدات "دەیان ساڵ لە ژێرخانی نەریتی تێپەڕێنێت و راستەوخۆ بەرەو پلاتفۆرمی پارەدانی مۆدێرن و پارێزراو هەنگاو بنێت."
هاوکات عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا گوتی، روانگەی ڤیزا "رێڕەوێکی بەهێز بۆ خێراکردنی نوێکردنەوەی سیستەمی دارایی دابین دەکات" و هاوبەشییەکە بە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێی پڕ لە هیوا" وەسف دەکات.
پێشتر و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، سووریا یەکەم حەواڵەی بانکیی نێودەوڵەتیی لەڕێگەی سیستەمی "سویفت"ـەوە کرد، کە یەکەمجار بوو لە دوای ساڵی 2011ـەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گەڕانەوەی بەشێکی مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان لێکدرایەوە.
ڤیزا کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنییە کە تەکنەلۆژیا و تۆڕی هاوئاهەنگیی بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی پێویست دابین دەکات لەنێوان بەکارهێنەران، بازرگان، بانک، دامەزراوە داراییەکان و حکومەتەکان.
کۆمپانیاکە لە ساڵی 1958 دامەزراوە و لە زیاتر لە 200 وڵات و هەرێم کاردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ