سەرۆکی سووریا سابوون و بۆن بە دیاری دەداتە شاندەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. شەرع دیارییەکی تایبەتی بە هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە کرد کە لە "سابوونی غاری حەلەب" و "بۆنی یاسەمینی دیمەشق" پێکهاتبوو، ئەوەش وەک پەیامێک بۆ گەیاندنی وێنەی "پاکیزەیی و بۆنی رەسەنایەتیی" سووریا.
 
رۆژی پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەردانی سووریای کرد و لە کۆشکی گەل لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە.
 
ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان پیشانی دەدەن،15  پاکێجی دیاریی رازاوە بە ئاڵای وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکراون. لەنێو هەر پاکێجێکدا، چەندین شووشە بۆنی دیمەشقی و پارچە سابوونی حەلەبی دانراون و لەسەر نامەیەکی پاکێجەکە نووسراوە، "لە حەلەب و دیمەشقەوە، لانکەی پاکیزەیی، بۆن و رەسەنایەتی، ئەم دیارییە بە رێز و پێزانینی راستگۆیانەوە پێشکێش دەکرێت."
 
سەردانەکە وەک رووداوێکی مێژوویی ناوبرا، چونکە یەکەمجاره‌ شاندێکی لەم ئاستەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە کاتی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە چووبێتە ئەو وڵاتە.
 
پەیامی پشتیوانیی نێودەوڵەتی
 
ساموێل زبۆگار، باڵیۆزی سلۆڤینیا کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتیی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق رایگەیاند، "پشتیوانیی روونی خۆمان بۆ سەروەری، یەکپارچەیی، سەربەخۆیی و یەکێتیی خاکی سووریا دووپاتکردەوە."
 
زبۆگار گوتی، "پەیامە یەکگرتووەکەمان سادە و روون بوو: رێگەی بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریای نوێ، دەبێت بە رێبەرایەتی و خاوەندارێتیی سووریا بێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیە پاڵپشتتان بێت."
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، سەردانەکەی بە "ساتێکی مێژوویی بۆ بنیاتنانەوەی متمانە" ناوبرد.
 
ساموێل زبۆگار گوتی، شاندەکە لەگەڵ عەلەوییەکانی کەناراوەکان و دروزی پارێزگەی سوەیدا کۆبووەتەوە، کە ئەم ساڵ بەهۆی تووندوتیژیی تایفییەوە سەدان کەس لە هەردوو پێکهاتە کوژران. هەروەها گفتوگۆیان لەسەر پرسەکانی دادپەروەری، ئاشتەوایی، ئاوەدانکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە "نابێت سووریا ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دیکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیزا پاڵپشتیی خاوەنکاران و کۆمپانیا بچووکەکان لە سووریا دەکات. وێنە: REUTERS/Dado Ruvic

کۆمپانیای ڤیزا بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەت گەڕایەوە سووریا

کۆمپانیای "ڤیزا"ـی جیهانی رایگەیاند، دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە لە سووریا، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ بانکی ناوەندیی سووریا لەسەر "نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی" بە ئامانجی دامەزراندنی سیستەمێکی پارەدانی دیجیتاڵی و تێکەڵکردنەوەی ئەو وڵاتە بە ئابووریی دیجیتاڵیی جیهان