رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی گرووپی "عەمشات"ی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر شارۆچکەی دێر حافر، سێ کەسی سڤیل بریندار بوون کە یەکێکیان منداڵە. هاوکات، درۆنێکی خۆکوژی لە دەوروبەری رەققە خراوەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ گرووپی "عەمشات" بە چەکی قورس و گولـلەهاوەن ناوەندی شارۆچکەی دێر حافری بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە سێ کەسی سڤیل بریندار بوون.
ناسنامەی بریندارەکان بەمشێوەیەن: مەلەک راکان ئەلجراب، تەمەن 16 ساڵ؛ عەبدوڵڵا مردەلی، تەمەن 17 ساڵ و محەممەد راکان ئەلجراب، تەمەن 25 ساڵ.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، گوندی ئوم عەدەس لە رۆژهەڵاتی دێر حافر-یش بۆردوومان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی پشتڕاستکراو لەبارەی زیانەکانەوە نییە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاندووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ، توانیمان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیی هەمان گرووپ لە کاتی سووڕانەوەی بەسەر ئاسمانی شارۆچکەی جرنیە لە دەوروبەری رۆژهەڵاتی رەققە بخەینە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێبکەوێتەوە."
ئاسایش جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی سڤیل و سەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی دانیشتووان و بە توندی رووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک دەبینەوە کە ناوچە ئاوەدانەکان بکاتە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ