رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، چەند گولـلە تۆپێک کە لە ناو خاکی لوبنانەوە تەقێنراون و لەناو خاکی سوریا لە نزیک شارۆچکەی "سەرغایا" لە رۆژئاوای دیمەشق کەوتوونەتە خوارەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان ئەو لایەنەن کە گولـلە تۆپەکانیان ئاراستەی خاڵەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کردووە لە نزیک سەرغایا."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، درکمان بەوە کردووە کە میلیشیاکانی حیزبەکە (حیزبوڵڵا) چوونەتە سەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان و "ئێمەش چاودێریی دۆخەکە دەکەین."
سوپای عەرەبیی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ سوپای لوبنان لە پەیوەندیداین و خەریکی تاوتوێکردنی بژاردە گونجاوەکانین بۆ ئەنجامدانی ئەوەی کە پێویستە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "سوپای عەرەبیی سوریا بەرامبەر هیچ دەستدرێژییەک کە سوریا بکاتە ئامانج بێدەنگ نابێت و نەرمی نانوێنێت."
تاوەکو ئێستا حیزبوڵڵای لوبنانی لەبارەی ئەم هێرشەوە روونکردنەوەی نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ