رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو حیزبوڵڵای لوبنانی بە تۆپ هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریا، ئەوەش لە کاتێکدایە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەو بزووتنەوەیە بەردەوامە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) لە زاری بەرپرسانی سوپاوە رایگەیاند، ئەو تۆپانەی لە لوبنانەوە هاوێژراون، لە نزیک شارۆچکەی سەرغایا لە رۆژئاوای دیمەشق کەوتوونەتە خوارەوە.
سوپای سووریا، حیزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بەوەی پێگەکانی سوپای کردووەتە ئامانج، هەروەها بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، تێبینیی جووڵە و کۆکردنەوەی هێزەکانی حیزبوڵڵایان لە سنووری نێوان سووریا و لوبنان کردووە.
سوپا لە راگەیێندراوێکدا بۆ (سانا) دەڵێت، "سوپای عەرەبیی سووریا لە ئاست هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر سووریا بێدەنگ نابێت و لێی خۆش نابێت."
هەفتەی رابردوو لوبنان پەلکێشی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا، دوای ئەوەی حیزبوڵڵا لە وەڵامی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
لە چەند رۆژی رابردوودا حیزبوڵڵا و هێزەکانی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی لوبنان رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر سەرتاسەری لوبنان، لەوانەش بەیرووتی پایتەخت.
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، حیزبوڵڵای تۆمەتبار کردووە بەوەی کار بۆ "داڕمانی" دەوڵەت دەکات، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبوڵڵا لە پەرلەمان رایگەیاند کە ئەوان "هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لە بژاردەی بەرگری."
پێشتر حیزبوڵڵا پاڵپشتیی سەربازیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریای دەکرد، کە لە کانوونی یەکەمی 2024 رووخێنرا.
لەو کاتەوە، رێگەکانی گواستنەوەی چەک و هاوکاری بۆ حیزبوڵڵا لە سووریاوە پچڕاون و دەسەڵاتدارانی لوبنان و سووریا هەوڵ دەدەن رێگری لە قاچاخچێتی بکەن لەسەر سنوورەکانی نێوانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ