رێککەوتنەکەی مەزڵووم و شەرع؛ کاردانەوەی حیزبەکانی رۆژئاوا

11-03-2025
خالید جەمیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی 10ـی ئازاری 2025، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، رێککەوتننامەیەک لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵووم عەبدی، واژۆ کرا. دوای راگەیاندنی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتننامەیە کە لە 8 خاڵ پێکهاتبوو، چەندین بۆچوون، هەڵوێست و کاردانەوەی جیای لێکەوتەوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا، 11ـی ئازاری 2025، کە کۆپیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، بەرەی کوردستانی سووریا بۆچوونی خۆی لەربارەی ئەم رێککەوتننامەیە خستە ڕوو.
 
ئەوان ئەم رێککەوتننامەیە بە "دەستپێکی دروستکردنی ئارامی لە سەرتاسەری سووریا" دەبینن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا وای دەبینێت کە، ئەم رێککەوتننامەیە "داواکارییەکانی گەلی کورد جێبەجێ ناکات و تەنیا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتیی نوێیە لە دیمەشق، لەسەر حیسابی مافەکانی گەلی کورد، بەبێ ئەوەی پابەندبوونێکی راستەقینە بە مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری وڵاتدا هەبێت."
 
رێککەوتنەکە ئەرکی فەرماندەیەکی سەربازی نەبوو
 
بەرەی کوردستانی سووریا، وای دەبینێت کە واژۆکردنی ئەم رێککەوتننامەیە لەلایەن مەزڵووم عەبدییەوە، پەسەند ناکرێت، لەبەرئەوەی ئەو "فەرماندەیەکی سەربازییە و نوێنەری سیاسی نییە" هەروەها، "ئەم رێککەوتننامەیە رێگە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لە کوردستانی سووریا خۆش دەکات و هەر دەسەڵاتێکی کوردی لەناو دەبات."
 
بە بۆچوونی بەرەی کوردستانی سووریا، "ئەوەی کە مەترسیدارترە ئەوەیە، ئەم رێککەوتننامەیە هەموو هەوڵەکانی نزیکبوونەوەی کوردی - کوردی تێکدەدات و کۆسپ لەبەردەم پێکهێنانی شاندێکی کوردی" هاوبەش دەخاتە روو. 
 
بەرەکە بۆچوونی خۆی دیاری دەکات کە، ئەم رێککەوتننامەیە تەنیا لە چوارچێوەی مافەکانی هاووڵاتیبووندایە بۆ کورد و "مافەکانیان وەک نەتەوە مسۆگەر ناکات".
 
بۆ گەرەنتیکردنی سەرکەوتنی ئەم رێککەوتننامەیە، بەرەی کوردستانی سووریا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "دەبوو لایەنێکی نێودەوڵەتی وەک گەرەنتیکار هەبووایە."
 
سەرەڕای ئەم هەڵسەنگاندن و رەخنەیەی بەرەی کوردستانی سووریا لە رێککەوتننامەکە، دیسانیش ئەوان وای دەبینن کە، هەر رێککەوتننامەیەک سەرەتایەکی باشە، بۆ گفتوگۆکان و رێگایەکە بۆ سەقامگیری و دوورخستنەوەی ئەگەری هەر شەڕێک لە بەردەم سووریا.
 
رێککەوتننامەکە تایبەتمەندیی کوردی لە خۆ نەگرتووە
 
موسلیم شێخ حەسەن، ئەندامی کۆمیتەی سیاسی پارتی ئەلوەحدەی کوردی لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە، "سووریا دەبێتە دەوڵەتێکی مەدەنی، بەڵام هیچ تایبەتمەندییەکی کوردی لە خاڵەکانیدا دیاری نەکراوە. هەروەها هیچ تایبەتمەندییەکی کورد و ناوچە کوردییەکان تێیدا دەستنیشان نەکراوە."
 
رێککەوتنەکە لە کاتێکی گونجاودایە
 
گێلۆ عیسا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم رێککەوتننامەیە، "لەسەر ئاستی سووریا هەنگاوێکی باش بوو." 
 
دەشڵێت: ئەو ئەم هەڵسەنگاندنە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاڵۆزیی رەوشەکە و مەترسی و هەستیاری قۆناخی ئێستا، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی گوتاری رق و کۆمەڵکوژییەکان کە لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا لە دژی پێکهاتەی عەلەوی، روویان دا.
 
لەبارەی رەنگدانەوە و کاریگەری ئەم رێککەوتننامەیە بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، گێلۆ عیسا بە رووداوی گوت، "لەم قۆناخەدا، مەزڵووم عەبدی دەتوانێت پێشەوای کورد بێت و گفتوگۆ لەسەر هەموو بابەتەکانیش بکات"، لە کاتێکدا، کە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، هاوکات لەگەڵ رووخانی رژێمی ئەسەد، لایەنە سیاسییەکانی کوردی نەیانتوانی بگەنە هەڵوێستێکی هاوبەش و شاندێکی هاوبەش پێک بهێنن.
 
"ئیدی مەزڵووم عەبدیش، ناتوانێت تاوەکو کۆتایی چاوەڕێی لایەنە سیاسییەکان بێت، هەتا شاندی خۆیان پێک بهێنن"، لەبەر ئەوە، ئەم رێککەوتننامەیە "دەستپێکی دیالۆگە، دەستپێکی دانوستاندنە، بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق." 
 
گیلۆ عیسا ئاماژە بەوەش دەکات، دیسانیش دەرفەت لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانی کوردی هەیە کە شوێنی خۆیان لە ناو کۆمیتەکاندا ببیننەوە و "قۆناخەکە قۆناخی دانوستانە" و پێویستە کۆتایی بە خوێنڕشتن بێت. 
 
هەروەها دەڵێت، ئەمە "رێککەوتننامەیەکی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییە"، و لەژێر چاودێری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کراوە.
 
رێککەوتنەکە لە کاتێکی هەستیاردا بوو
 
فەرهاد تێلۆ، سەرۆکی پارتی لیبراڵی کورد لە سووریا، باسی بۆچوونی خۆی بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی سووریا، چەندین زێدەڕۆیی و گوتاری رق بیستران و بینران، بە هەنگاوێکی وەها لە رێککەوتندا، مرۆڤ خۆی بە بەرپرسی میللەتێک دەزانێت."
 
"ئیدی بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە کۆمیتەکان کار لەسەر مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد دەکەن، کە لە دەستووردا جێگیریان بکەن." 
 
ئاماژە بەوەش دەکات، بەپێی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە، مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد دەپارێزرێن، چ مافی نەتەوەیی، سیاسی، رۆشنبیری و هی دیکە بن.
 
بێدەنگی ئەنەکەسە
 
سەرەڕای چەندین پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە)، بەتایبەتی لەگەڵ گوتەبێژی فەرمیی ئەنەکەسە، فەیسەڵ یوسف، بەڵام لە ساتی راگەیاندنی رێککەوتننامەکە و تاوەکو ئێوارەی رۆژی 11ـی ئازاریش، کە 24 کاژێری بەسەردا تێپەڕیوە، وەڵامی ئەوان ئەوە بوو کە پێویستیان بە کۆبوونەوەیەکە لە ناو خۆیاندا بگەنە هەڵوێستێکی روون لەبارەی ئەم رێککەوتننامەیە. 
 
لەبەر ئەوە، ئەنەکەسە لەم بابەتەدا بێدەنگی هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی، بە گوتەی ئەوان، ئەمە بابەتێکی هەستیارە و چارەنووسسازە، پێویستی بە تاوتوێی سەرکردایەتیی ئەنەکەسەیە.
 
رێککەوتننامەی 10ـی ئازار
 
رۆژی دووشەممە 10ـی ئازاری 2025، رێککەوتننامەیەکی 8 خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا.
 
تێیدا هاتووە کە، کۆمیتەکانی بەڕێوەبردنی رێککەوتننامەکە، کار لەسەر جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە دەکەن، بە شێوەیەک کە لە ساڵی 2025 تێنەپەڕێت. 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مەزڵووم عەبدی و شاندی یاوەری بۆ دیمەشق، بە هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانوویەک کە بە بۆردوومانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا وێران بووە. وێنە: رووداو

رووداو لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە سووریا؛ شایەتحاڵان باسی "شەوێکی پڕ لە ترس" دەکەن

تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو چووە گوندی بێت جن لە باشووری سووریا، تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی هێزێکی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لەنێو گوندەکەدا کرد کە بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون. پەیامنێری رووداو لەگەڵ شایەتحاڵانی رووداوەکە قسەی کرد کە باسیان لە "شەوێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن" و هێرشی "فڕۆکە، گوللـەتۆپ و مووشەک" کرد