رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دیمەشق دەکات لەگەڵ هەسەدە و هێزە سیاسییەکانی دیکەی سووریا گفتوگۆ بکات.
لە دوو راگەیێندراوی دژ بەیەکدا، یەکێکیان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوەیە و هێزی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر پێگەکانی لە رۆژهەڵاتی حەلەب تۆمەتبار دەکات. راگەیێندراوەکەی دیکە وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردووەتەوە کە هەسەدە بە بۆمبارانێک تۆمەتبار دەکات کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو سڤیل و برینداربوونی سیانی دیکە لە شاری مەشکانەی حەلەب.
لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی، داوایەکی بۆ حکومەتی دیمەشق هەبوو.
ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند: "بێگومان ئێمە نیگەرانین هەر کاتێک پێکدادانی ناوخۆیی لە سووریا بەردەوام دەبێت. پێویستە لەسەر حکومەت دڵنیابێت کە هەموو سوورییەکان نوێنەرایەتی دەکرێن و هەست بە سەلامەتی دەکەن، و هانی حکومەتی سووریا دەدەین بەردەوام بێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی سووریا بۆ کۆکردنەوەی وڵاتەکە."
ئەوە داوایەکی روون بوو لەم دامەزراوە گەورە نێودەوڵەتییەوە بۆ دیمەشق تاوەکو بە گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە کێشەکانی چارەسەر بکات.
ئەم تۆمەتەی پێنجشەممەی هەسەدە، کە کورد سەرکردایەتی دەکات، تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کەمایەتیی دیکەی سووریا، درووزەکان، چەکداری سەر بە دیمەشقیان بە کوشتنی هەڕەمەکی ئەندامەکانی تۆمەتبار کرد. دیمەشق نکۆڵیی لەو تۆمەتانە کرد و سەرکۆنەی هێرشی سەر درووزەکانی کردووە.
راوژێکارێکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بۆ پرسی تیرۆر، باس لە گرنگی مانەوەی کورد وەکو هاوبەشێکی ئەمریکا دەکات.
کریستۆفەر کۆستا، راوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی بۆ کاروباری تیرۆر بە رووداوی گوت: "دەمەوێت گەلی کورد و حکومەتی کوردی ببینم لە هەموو جۆرە هەوڵێکدا هاوبەشی ئەمریکابن. شەڕی دژی تیرۆر یەکێکە لەو هەوڵانە کە زۆر، زۆر گرنگە."
داواکەی ئەو بەرپرسەی پێشووی کۆشکی سپی لە کاتێکدا دێت ئەمریکا یادی 24 ساڵ تێپەڕین بەسەر 'هێرشە تیرۆریستییەکان'ـی سەر نیویۆرک دەکاتەوە کە بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس لەسەر خاکی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ