بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان: هەوڵێکی هەڵاتن لە کەمپی هۆل پووچەڵکرایەوە

دوێنێ کاژێر 02:41
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کەمپی هۆل دەڵێت، ژمارەیەک ژن و منداڵی گومانلێکراوی کەسوکاری چەکدارانی داعش، هەوڵیانداوە تەمومژ و نالەباریی کەشوهەوا بقۆزنەوە و هەڵبێن، بەڵام هەوڵەکەیان پووچەڵ کراوەتەوە. 
 
بەڕێوەبەری کەمپەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، زیاتر لە 10 ژن و منداڵی خاوەن وەڵاتینامەی جیاواز لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن لە کەمپەکە دەستگیرکراون. 
 
کەمپ و زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان، دەیان هەزار کەسی تێدایە، کە زۆریان گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت.
کەمپی هۆل، کە گەورەترین کەمپی لەو شێوەیە و دەکەوێتە پارێزگەی حەسەکە، بەشێکی تێدایە کە تایبەتەبە بە ژن و منداڵە بیانییەکان و لە ژێر رێوشوێنی ئەمنیی تووندا پاسەوانی دەکرێت.
 
 جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کەمپی هۆل بە فرانس پرێسی گوتووە: "درەنگانی شەوی چوارشەممە، 18 ژن و منداڵی 'خاوەن وەڵاتینامەی جیاواز، لەنێویاندا رووسی' هەوڵیاندا لە بەشە ئەمنییە تووندەکەی کەمپەکە هەڵبێن."
 
بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنیەتیی هەوڵەکە و پووچەڵکردنەوەی بخاتەڕوو، گوتیشی ناوچەکە چەند رۆژێکە تەمومژێکی چڕی بەخۆیەوە بینیوە و هەوڵەکانی هەڵاتن "بە گشتی لە کەشوهەوای خراپدا زیاد دەکات".
 
لە مانگی ئەیلوولدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاند، هەوڵێکی هەڵاتنی 56 کەسیان لە کەمپی هۆل پووچەڵکردووەتەوە.
 
جیهان حەنان گوتی، کەمپەکە ئێستا زیاتر لە 24 هەزار کەسی تێدایە، کە لە نزیکەی 15 هەزار سووریایی، 3 هەزار و 500 عێراقی و 6 هەزار و 200 بیانیی دیکە پێکدێن.
 
بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان چەندینجار داوایان لە وڵاتان کردووە هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە، بەڵام حکومەتە بیانییەکان بە گشتی تەنیا رێگەیان بە گەڕانەوەی ژمارەیەکی کەم داوە، ئەوەش بەهۆی ترسیان لە هەڕەشەی ئەمنی و کاردانەوەی سیاسیی نێوخۆیی، هەرچەندە بەغدا گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بۆ عێراق خێراتر کردووە.
 
لە مانگی شوباتدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ساڵ کەمپەکان لە ئاوارە سووریاییەکان و پەنابەرە عێراقییەکان، بە کەسوکاری گومانلێکراوی چەکدارانیشەوە، چۆڵبکەن.
 
مانگی دواتر، بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی راگوزەری دیمەشق واژۆکرد بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و سڤیلەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی دواخستووە.
 
داعش لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی سووریا و عێراقدا گرت، پێش ئەوەی لە ساڵی 2019 لەڕووی جوگرافییەوە لە سووریا تێکبشکێندرێت، بەڵام لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا مانەوەی خۆی پاراستووە، بەتایبەتی لە بیابانە فراوانەکەی ئەو وڵاتەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە