لاڤرۆڤ ئەمریکا بە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی رۆژهەڵاتی سووریا تۆمەتباردەکات

12-11-2019
پەیام زاهیر
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

ئەمریکا ژمارەیەک لە هێزەکانی رەوانەی بنکەیەکی سەربازی لە رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەمریکا تۆمەتباردەکات بە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی رۆژهەڵاتی سووریا کە دەوڵەمەندە بە نەوت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆڕبەندی ئاشتی پاریس گووتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند ئەمریکا دەیەوێت پشت بە کوردەکان ببەستێت بۆ درووستکردنی قەوارەیەک (ناوچەی خۆسەر)  لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات و کۆنترۆڵردنی کێڵگە نەوتییەکان لەو ناوچانە.
 
رووسیا کە هاوکاری بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریای کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی زۆرینەی ناوچەکانی سووریا، مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا بە نایاسایی ناودەبات.
 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی رابردوو بڕیاری کشانەوەی هەموو هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دا، بەڵام دواتر بەرپرسانی پێنتاگۆن رایانگەیاند نزیکەی 800 سەربازی ئەمریکی بە مەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە سووریادا دەمێننەوە.
 
ترەمپ لەکاتی قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانا لە مانگی رابردوو رایگەیاند، ئەو نەوتەکەی لا مەبەستە و دەیەوێت بیپارێزێت، ئەوانی دیکەش، کە مەبەستی لە رووسیا و تورکیا بوو با بچن سنوورەکان بپارێزن. 
 
هاوکات دوێنێ دووشەممە، ئەمریکا ژمارەیەک لە هێزەکانی رەوانەی بنکەیەکی سەربازی لە رۆژهەڵاتی سووریا کرد، تاوەکو  پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) بکەن لە شەڕی دژ بە داعش.
 
لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکان لە ژێر دەستی داعش لە سووریا، ئەم هێزانە ئەرکیان دەستگیرکردنی پاشماوەی چەکدارەکانی داعش و هەروەها پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنییەکانە لە ناوچەکە.
 
لە ئاداری 2019ـەوە تاوەکو ئێستا 700 چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە و لە شوێنکەوتنی چەکدارەکانی دیکەش بەردەوامن.
 
ژەنەڕاڵ ئێرک هیڵ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانان لە سووریا دەڵێت "ئامانجە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. داعش هەوڵدەدات لە هەرشوێنێک بۆی بڕەخسێت دەربکەوێتەوە. لە ئاداری 2019ـەوە لەوکاتەی ئێمە داعشمان لە رووی فیزیکییەوە تێکشکاند، لەوکاتەوە 700 داعشمان دەستگیرکردووە. چەندین تەقەمەنەنی و پاشماوەی شەڕمان لەناوبردووە. ئێمە بەردەوامدەبین لە شوێنکەوتنیان و دەیاندۆزینەوە و لە سەرانسەری ناوچکە دەستگیریان دەکەین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە