تۆم باراک: رێگە لە زیادبوونی گرژییەکانی سووریا دەگرین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایدەگەیێنێت، لە پەیوەندیی نزیکدان لەگەڵ لایەنەکانی سووریا بۆ ئەوەی گرژییەکان زیاتر نەبن و هەنگاوەکانی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا خێراتر بکرێن. سیناتۆرێکی ئەمریکاش هۆشداری لە رێککەوتنی حکومەتی نوێی سووریا و تورکیا دژ بە کورد دەدات.
 
رۆژی هەینی، 16-01-2026، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) رایگەیاند: "ئەمریکا لە پەیوەندیی نزیکدا دەمێنێتەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە سووریا و شەو و رۆژ کار دەکات بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان."
 
سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات، تۆم باراک دەڵێت، کار دەکەن بۆ "گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی یەکگرتنەوە لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە."
 
ئەم لێدوانەی نێردەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، سوپای عەرەبیی سووریا هێزی زیاتری لە نزیک سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کۆکردووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەنە؛ هەسەدەش چەند جارێک هۆشداری لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هێزانە داوە.
 
هاوکات لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا لەبارەی دۆخەکەوە لە ئێکس نووسیویەتی: "نیگەرانییەکانم تا دێت زیاتر دەبن کە حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ تورکیا رێکدەکەوێت بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی کوردی سووریا، کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمەن لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش لە سووریادا".
 
گراهام هۆشداری دەدات لەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "نزیکەی نۆ هەزار لە خراپترین و مەترسیدارترین زیندانییەکانی داعشیان لەژێر دەستدایە. ئەمە لە بەرژەوەندیی  ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەدایە کە ئەم زیندانیانە نەگەڕێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ".
 
پێشتر ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە هۆشداریدا لە هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەکانیان و مەترسیی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی هەسەدە، نزیکەی 60 هەزار کەس لە هەردوو کەمپی هۆل و رۆژ دەژین کە زۆربەیان خێزان و کەسوکاری چەکدارانی داعشن و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە