رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاگربەستێکی گشتگیر و راگرتنی تەواوەتیی کارە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی وەزارەتەکە، "ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی بەراییە بۆ کردنەوەی رێڕۆی ئارام تاوەکو هاووڵاتییان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. هەروەها ئامانج لێی، گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتە بۆ ناو ئەو ناوچانە تاوەکو دەست بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە بۆ هاووڵاتییان."
وەزارەتی بەرگریی سووریا راسپاردەی ئاراستەی سەربازانی سوپای عەرەبیی سووریا کردووە کە لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکی باڵادا بن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی بەرگری دوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی مێژوویی دێت لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە. رێککەوتنەکە کە لە 14 بڕگە پێکدێت، تێیدا بڕیار دراوە هەسەدە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە و پارێزگەکانی دێرەزوور و رەققە بە تەواوەتی رادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێنەوە.
ئەم هەڵکشانە سەربازییەی کە لە حەلەب دەستیپێکرد و دواتر بەرەو تەبقە و دێرەزوور درێژبووەوە، بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، هێزەکانی هەسەدە لە ناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا تێکەڵ دەکرێن و حکومەتیش وەڵاتینامە دەداتە ئەو کوردانەی کە پێشتر بێ ناسنامە بوون. ئێستا بە راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، سووریا بەرەو قۆناخێکی نوێی سیاسی هەنگاو دەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ