رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا لەپێناو فەراهەمکردنی سەقامگیری بووە و ئەگەر رێککەوتنەکەش هەڵبوەشێتەوە دەستبەرداری ناوچەکانیان نابن. هەروەها هۆشداریش دەدات لەوەی داعش هێشتا بەهێزە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش بە "بیرۆکەیەکی باش" نازانێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی (News Hour)ـی کەناڵی PBS ی ئەمریکی کە هەفتەی رابردوو لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە و تازە بڵاوکراوەتەوە، مەزڵووم عەبدی باسی لە دوایین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق، هەڕەشەکانی داعش و رۆڵی ئەمریکا کرد.
سەبارەت بەو رێککەوتنەی لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم لەگەڵ حکومەتی سووریا کردیان، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە باشترین ئەنجامی گونجاو بوو لەم هەلومەرجەی ئێستادا. ئێمە ناڵێین باشترین رێککەوتن بوو بۆ کورد، بەڵام بۆ زامنکردنی ئاگربەست، چەسپاندنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەڕێگەی گفتوگۆوە، قبووڵکردنی رێککەوتنەکەی کردە بژارەیەک."
بەهۆی پاشەکشەی سەربازی و ئابوورییەوە، هەسەدە ناچاربووە لە بەشێکی زۆری باکووری سووریا بکشێتەوە، لەنێویاندا کێڵگە نەوتییەکان و خاڵە سنوورییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا چوار لیوای هێزە کوردییەکان دەچنە نێو سوپای سووریاوە و لە بەرامبەردا حکومەت دان بە مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کورددا دەنێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی جێگەی ئۆتۆنۆمی گرتووەتەوە؟ مەزڵووم عەبدی گوتی: "ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت. بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستاوە، مەرجی حکومەتی دیمەشق بۆ قبووڵکردنمان تەنیا بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێییە، تاوەکو تێیدا کورد بتوانێت ناوچەکانی خۆی بەڕێوەببات و ناسنامەی کوردی بپارێزێت." جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر رێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە، ئەوان مەحاڵە دەستبەرداری ناوچەکانیان ببن و تاوەکو کۆتایی شەڕ دەکەن.
فەرماندەی هەسەدە هۆشداری دا لە سەرهەڵدانەوەی داعش و رایگەیاند: "داعش هێشتا زۆر بەهێزە و بەرەبەرە دەستیشی بە گەورەترین شارەکانی سووریا گەیشتووە. ئەگەر شەڕی دژی داعش بە تووندی بەردەوام نەبێت، رێکخراوەکە جارێکی دیکە دەبێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر جیهان."
مەزڵووم عەبدی نیگەرانیی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەربڕی و بە "بیرۆکەیەکی باش"ی نەزانی، بەو پێیەی کشانەوە لەم کاتە هەستیارەدا ئاڵنگاریی گەورە دروستدەکات، بەتایبەتی لە "شەڕی دژی تیرۆردا".
کاتێک پرسیاری لێ کرا ئایا هەست دەکەن ئەمریکا پشتی تێکردوون، مەزڵووم عەبدی رەخنەی لە بێدەنگیی واشنتن گرت لە کاتی هێرشکردنە سەر ناوچەکانیان و گوتی: "کاتێک هێرشێکی گەورە کرایە سەر ناوچەکانمان و خەڵکێکی زۆرمان لێ کوژرا، هەڵوێستی ئەمریکا هێندە بەهێز نەبوو کە هێرشەکە رابگرێت. بۆیە بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە، بێهیواییەکی بەربڵاو لەنێو گەلەکەماندا هەیە."
مەزڵووم عەبدی باسی لە ناسنامەی خۆی کرد و گوتی: "من دوو ناسنامەم هەیە، سووریبوون و کوردبوون، لە بنەڕەتدا کوردم و شانازی بە هەردووکیانەوە دەکەم. ئێمە دەمانەوێت سووریا ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام هاوکات دەشمانەوێت ناوچە کوردییەکان گەشە بکەن و ببووژێنەوە، هەروەها کورد رۆڵی سەرەکیی خۆی لەنێو وڵاتەکەدا هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ