هەسەدە: سێ هێرشمان لە بەنداوی تشرین تێکشکاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە میحوەرى بەنداوی تشرین سێ هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریایان تێکشکاندووە و زیانی زۆریان بەو هێزانە گەیاندووە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026 بڵاویکردەوە، هێزەکانیان بە بەشداریی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، رووبەڕووی سێ هێرشی جیاوازی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق" بوونەتەوە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەدا زیانی ماددیی زۆر بە چەکدارەکان گەیشتووە و دوو تانک، زرێپۆشێک و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی (کە هەڵگری چەکی دۆشکە و ئامێری تراکس بوون) تێكشکێندراون.
 
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا پێکدادانەکان لەو میحوەرە بەردەوامن و هێزەکانیان لە بەرگریکردن بەردەوامن.
 
بە گوێرەی تۆمارێکی دەنگیی شەرڤانێک، کە دەست رووداو کەوتووە، هێزەکانی هەسەدە لە بەرەی مەساکن ژمارەیەک چەکداریان کوشتووە و چەند ئۆتۆمبێلێکیشیان تەقاندووەتەوە.
 
سەرچاوەکانی رووداو لە کۆبانێ رایانگەیاندووە، کارەبای شارەکە بەتەواوی بڕاوە، بەهۆی ئەوەی چەکدارانی دیمەشق لە بەشی کارۆئاوی بەنداوی تشرینیان داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە