رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، پرسی فیدراڵیزم و خۆبەڕێوەبەری وەک چارەسەرێک بۆ داهاتووی سووریا، بۆ سووریاییەکان خۆیان بەجێدەهێڵن و ئەمە پرسێکە دەبێت خەڵکی سووریا بڕیاری لەبارەوە بدات، ئەوەی ئێستاش گرنگە هەبوونی سەقامگیری و ئاشتییە لەو وڵاتەدا.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە سیستمی فیدراڵیزم و خۆبەڕێوەبەری بۆ داهاتووی سووریا رایگەیاند، بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە ''پێویستی بەوەیە سەیری سرووشتی ئەوە بکەین کە چ شتێک گونجاوە و چ شتێک گونجاو نییە''.
گوتیشی، ئەم پرسە شتێکە دەبێت سووریاییەکان خۆیان لەوبارەیەوە بڕیار بدەن، ''بە روونیش، خەڵکی سووریا، خۆیان وەک سووریەک دەبینن. هێندەی منیش ئاگاداربم، ئەمە بەشێکە لەوەی کە پێشتر گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، گفتوگۆ لەبارەی سرووشتی ئەوە کراوە کە چۆن حکومەتێکی لەم شێوەیەمان دەبێت، حکومەتێک بۆ ئەم وڵاتە کە هەموولایەک لەخۆبگرێت و نوێنەرایەتیان بکات. ئەم پرسەش بەشێک بووە لەو گفتوگۆیانە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی لەوەکردەوە لەم قۆناخەدا ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە، هەبوونی سەقامگیری و ئاشتییە لە سووریا، دواتر پێکهێنانی حکومەتێکە کە نوێنەرایەتی هەموو سووریاییەکان بکات، چونکە ''مێژوو نیشانی داوە، ئەگەر هەندێک لایەن بخرێنە دەرەوەی بازنەکە چی روودەدات".
ئاماژەی بەوەش دا، هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا بۆ ئەم دۆخە بەردەوام دەبن و ئێستا دەیانەوێت سەقامگیری بۆ سووریا بگەڕێنەوە، ''دواتر سەیری ئەوە دەکرێت، چ پرسێکی دیکە هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێت".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: زۆر سوپاس تامی، سەبارەت بە هەنگاوی داهاتوو لە سووریا و هەروەها چارەسەری درێژخایەن لە سووریا، ئێوە لەو باوەڕەدان تاکە رێگەی چوونە پێشێوە لە سووریا، تێکەڵبوونی هەموو لایەن و پێکهاتەکانە لەگەڵ حکومەتێکی ناوەند، یان ئەم گرژیانەی ئەم دواییە بۆچوونی ئێوەی گۆڕیووە و پێتانوایە کە فیدراڵیزم و جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری چارەسەری گونجاون بۆ ئەم دۆخەی سووریا؟
تامی برووس: بەشێک لە دەستپێکردنی شتێکی زۆر نوێی لەم شێوەیە، هەرچەندە نازانم کە هەرگیز روویداوە یان نا، بەڵام ئەوەیە کە سەیربکرێت کە چ شتێک سەرکەوتووە و چ شتێک سەرکەوتوو نییە. بێگومان خەڵکی سووریا خۆیان وەک سووریایی دەبینن. هێندەی من بزانم، ئەم بابەتە بەشێک بووە لە گفتوگۆکان لەسەر ئەوەی کە چۆن دەتوانرێت حکومەتێک هەبێت کە نوێنەرایەتی و بەشداریکردنی هەمووانی تێدابێت. پرسەکە ئەوە بوو کە ئەوانی تێدا بێت. بێگومان شێوازی پێکهێنانی هەموو حکومەتێک پێویستە لە لایەن خەڵکی وڵاتەکەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. بەڵام پێویستە دەرفەتی ئەوەت هەبێت کە لەو شتانەوە دەستپێبکەیت کە زۆر بنەڕەتین، کە بریتین لە سەقامگیری، ژێرخان، هەندێ ئاشتی کە بتوانی پشتی پێ ببەستی. ناسەقامگیری هەیە. بۆیە دەبێت کار لەسەر سەقامگیری بکرێت و هەڵسەنگاندی بۆ بکرێت لە کاتێکدا بەردوام کار لەسەر شتەکانی دیکە دەکرێت کە پێویستە چارەسەر بکرێن. هەر ئەمەشە کە ئێمە تێیدا یارمەتیدەرین. روونە کە بڕیارەکە لە دەستی خەڵکی سووریادایە، بەڵام چۆنیەتی ئەنجامدانی گرنگە. چونکە ئێمە مێژوومان بینیوە. دەزانین چی روودەدات کاتێک هەمووان بەشدار نابن. ئەمە ئەو شتەیە کە دانوستاندنکاران، ئەو کەسانەی کە بەشی پێویست داناییان هەیە، وەک نێردەکان، کە دەبێت کاری لەسەر بکەن، کە زەحمەترین کاری جیهانە. ئەم کارە بۆ کەسانی وەک باڵیۆز باراک و سەرۆک ترەمپ و وەزیر روبیۆ جێدێڵم.
رووداو: بزانە راست لە تۆگەیشتوون، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەمریکا لەدژی فیدراڵیزم و خۆبەڕێوەبەری نییە بۆ داهاتووی سووریا؟
تامی برووس: من لێدوانی زیاتر نادەم، تەنیا باسی بیرۆکەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و بەشداریپێکردنی هەموو خەڵکی سووریا دەکەم، بێ ئەوەی بچمە نێو هەموو وردەکارییەکان یان ئەوەی کە دەکرێت چ بڕیارێک بدرێت. ئەوە کاری من نییە. بۆیە لێدوان لەسەر ئەوە نادەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ