هەسەدە دیمەنی "هێرشکردنە سەر زیندانی شەدادی و ئازادکردنی چەکداران داعش" بڵاودەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو -دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت  هێرشکردنە سەر زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە و ئازادکردنی زیندانیانی داعشە لە لایەن "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق"
 
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە ژمارەیەک چەکدار بە تووندی هێرش دەکەنە سەر دەرگە و شووراکانی زیندانەکە و تەقەیەکی زۆر بە ئاراستەی ناوەوە و بە ئاسمانیشدا دەکەن. دواتر دیمەنی زیندانییەکان دەردەکەوێت کە بە کۆمەڵ لە ناو زیندانەکە دەردەهێندرێن، کە بەشێکیان تەنیا جلی ژێرەوەیان لەبەردایە و چەکدارەکان پەڕۆ و چارۆکەیان پێدەدەن بۆ ئەوەی خۆیان دابپۆشن. هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڤیدیۆکەدا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان دەردەکەون کە لە ناوچەیەکی چۆڵی دەوروبەری زیندانەکە بە راکردن دوور دەکەونەوە.
 
بڵاوکردنەوەی ئەم دیمەنانە لە لایەن هەسەدەوە وەک وەڵامێکە بۆ تۆمەتەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، هەر ئەمرۆ رایگەیاندبوو هەسەدە خۆی دەرگەی زیندانەکەی بۆ داعشەکان کردووەتەوە. هەسەدە جەخت دەکاتەوە، ئەم ڤیدیۆیە بەڵگەی حاشاهەڵگرە کە هێزەکانی سەر بە دیمەشق بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی و تیرۆر، زیندانەکەیان شکاندووە و "هەزاران داعش"یان ئازاد کردووە.
 
 
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارە لە کاتێکدایە، کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشقە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا. ئامانجی دیدارەکە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە 14 بڕگەیییەیە کە رۆژی یەکشەممە 18-01-2026 راگەیێندرا، تێیدا بڕیاردرابوو هەسەدە لە ناو سوپای سووریادا تێکەڵ بکرێت و دۆسیەی زیندانیانی داعش رادەستی دەوڵەت بکرێت.
 
هەسەدە رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش گرتووە، سەرەڕای ئەوەی بنکە سەربازییەکەیان تەنیا دوو کیلۆمەتر لە زیندانی شەدادییەوە دوورە، بەڵام هیچ دەستوەردانێکیان نەکردووە بۆ رێگری لەم کارەساتە. 
 
لە لایەکی دیکەوە، سوپای سووریا قەدەخەی تەواوەتیی هاتووچۆی لە شاری شەدادی راگەیاندووە و دەڵێت دەستی بە پرۆسەی ئەمنیی ناوچەکە کردووە بۆ دەستگیرکردنەوەی هەڵاتووەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریا: وێنەکە: AFP

سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی شاری شەدادی و زیندانەکەی راگەیاند

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، کە هێزەکانیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵی شاری شەدادی و زیندانەکەیان لە باشووری حەسەکە کردووە.