سوپای عەرەبیی سووریا قەدەخەی هاتووچۆی لە شەدادی راگەیاند

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا، قەدەخەی تەواوەتیی هاتووچۆی لە شاری شەدادی و دەوروبەری راگەیاند. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سوپاکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە ئازادکردنی ژمارەیەک چەکداری داعشی لە زیندانی ئەو شارە تۆمەتبار کرد.
 
رۆژی دووشەممە 19-01-2026 سوپای عەرەبیی سووریا داوای لە هاووڵاتییان کرد، هەر زانیارییەکیان لەسەر چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش هەیە، یەکە سەربازییەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە. هەروەها رایگەیاند، سوپا عەرەبییەکە بۆ پاراستنی زیندانەکە و شارەکە دەستوەردان دەکات و دەست بە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی دەکات بۆ دەستگیرکردنەوەی ئەو کەسانەی کە دەڵێت "هەسەدە ئازادی کردوون".
 
ئەم تۆمەتبارکردنەی دیمەشق لە کاتێکدایە، کە هەر ئەمرۆ رۆژی دووشەممە 19-01-2026، هەسەدە لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق،" کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لەدەستداوە. هەسەدە حکومەتی دیمەشقی تۆمەتبار کرد بەوەی، بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر زیندانەکە بۆ ئەوەی رێگە بۆ هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش خۆش بکات و پشێوی دروست بکات.
 
هەسەدە هەروەها رەخنەی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گرت، کە سەرەڕای ئەوەی بنکەکەیان تەنیا دوو کیلۆمەتر لە زیندانی شەدادییەوە دوورە، بەڵام بۆ رێگری لەم کارەساتە هیچ دەستوەردانێکیان نەکردووە.
 
ئەم هەڵکشانە ئەمنییە یەکجار مەترسیدارە لە کاتێکدا دێت، کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشقە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی کۆبووەوە بۆ جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی رێککەوتنە 14 بڕگەییەکەی دوێنێ.
 
بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەبێت هەسەدە لە ناو سوپای سووریادا تێکەڵ بکرێت و دۆسیەی زیندانیانی داعش رادەستی دەوڵەت بکرێت؛ بەڵام تۆمەتبارکردنی هەردوولا بەرامبەر بە یەکدی و پێکدادانەکانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری زیندانی قەتان لە رەققە و زیندانی شەدادی لە حەسەکە، کە تێیدا دەیان شەڕڤان شەهید و بریندار بوون، تەواوی پڕۆسەی ئاگربەست و رێککەوتنەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەکی جیدییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە