رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، کە هێزەکانیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵی شاری شەدادی و زیندانەکەیان لە باشووری حەسەکە کردووە.
سوپای عەرەبیی سووریا راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا هاتووە: "دەستبەجێ دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە، ئۆپەراسیۆنی پاراستنی ناوچەکە و دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانەی داعشیان دەستپێکردووە کە هەڵاتوون." دیمەشق جارێکی دیکە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی تۆمەتبار کردەوە بەوەی "ئەوان داعشیان لە زیندانەکە ئازاد کردووە".
ئەم راگەیێندراوەی سوپا عەرەبییەکە لە کاتێکدایە، هەر ئەمرۆ هەسەدە رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لەدەستداوە. هەسەدە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "چەکدارانی سەر بە حکومەت هێرش دەکەنە سەر زیندانەکە و دەرگای زیندانیی داعش دەکەنەوە و پاشان ئازادیان دەکەن."
ئەم هەڵکشانە ئەمنییە یەکجار مەترسیدارە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی لووتکە لە دیمەشق لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە. سەرەڕای ئەوەی لایەنەکان رۆژی یەکشەممە 18-01-2026 گەیشتنە رێککەوتنێکی 14 بڕگەیی بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزەکان، بەڵام رووداوەکانی شەدادی و رەققە گومانێکی زۆری لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دروست کردووە.
هەسەدە دەڵێت، لە پاراستنی زیندانەکانی داعش لە رەققە و حەسەکە تەنیا لە ئەمرۆدا 29 شەهید و برینداریان داوە.
لە بەرامبەردا سوپای سووریا قەدەخەی تەواوەتیی هاتووچۆی لە شەدادی راگەیاندووە، راشیگەیاندووە خەریکی پرۆسەی ئەمنییە لە ناوچەکە بۆ دەستگیرکردنەوەی هەڵاتووەکان.
ئەم ئاڵۆزییانە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشی لە ناوچەکەدا زیاد کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەسەکەکەش بەهۆی زۆریی بریندارانەوە داوای هاوکاریی بەپەلەی پزیشکی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ