رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا کوژرانی سێ سەربازی خۆی لە ئەنجامی هێرشی شەڕڤانان راگەیاند؛ لە بەرامبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) حکومەتی سووریا بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر زیندانێکی داعش تۆمەتبار دەکات.
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی دوو هێرشدا سێ سەربازی سوپا کوژراون و چەندین سەربازی دیکەش بریندار بوون. سوپای سووریا بەبێ دیاریکردنی شوێنی هێرشەکان دەڵێت، "هەندێک گرووپی تیرۆریستی هەوڵدەدەن رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست بکەن."
لە بەرامبەردا، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا هێزەکانی حکومەتی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، لە چەند شوێنێکی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی شەڕڤانان.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، شێخمووس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردووەتە سەر زیندانێکی داعش لە شاری رەققە و لەم کاتەشدا شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری زیندانەکە بەردەوامە."
شێخمووس ئەحمەد لەبارەی دۆخی نێو کەمپی هۆلیشەوە بە رووداوی گوت، کەسوکاری چەکدارانی داعش ئاڵۆزییان لەنێو کەمپەکەدا دروستکردووە و هەوڵیانداوە رابکەن، بەڵام "هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێگرییان لە هەڵهاتنی ئەو خێزانانە کردووە و پلانەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ