رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە ژمارەیەک شەڕڤان لەنێو زیندانی ئەقتان لە رەققە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراون. زیندانەکە نزیکەی دوو هەزار ئەندامی پێشووی داعشی تێدایە. نزیکەی 100 شەڕڤانی هەسەدە کە زیندانەکە دەپارێزن لەوێن و تاوەکو ئێستا رێگەیان نەداوە هێزەکانی سووریا زیندانەکە بگرن.
زیندانەکە بە دووری نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە باکووری شاری رەققەیە. دوای کۆنترۆڵکردنی رەققە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، شەڕڤانان لەنێو زیندانەکە مانەوە و گەمارۆ دراون.
تۆڕی میدیایی رووداو توانی لەگەڵ کەسێک لەنێو زیندانەکە قسە بکات. گولێ، میدیاکارە و لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە لەنێو زیندانەکەیە و قسەی بۆ هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 15:00 کرد.
گولێ دەڵێ، ئەمڕۆ سێیەم رۆژە بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر زیندانەکە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای عەرەبیی سووریا چەکی قورسی وەک تۆپ و تانک لە هێرشەکان بەکاردەهێنێت؛ گوتیشی، بە درۆن چاودێری زیندانەکە دەکرێت، بە درۆنی بۆمبڕێژکراویش هێرش کراوەتە سەر زیندانەکە.
ئەو میدیاکارە دەڵێ، ئێستا نزیکەی دوو هەزار ئەندامی پێشووی داعش لەنێو زیندانەکەدا دەستبەسەرن.
ئەو ئەندامانەی داعش لە ساڵی 2017 دەستگیرکراون لە کاتی ئۆپەراسیۆنی هەسەدە بە پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە کە بە پایتەختی خەلافەتەکەی داعش دادەنرا. گولێ دەڵێ: "ئەوانەی لەم زیندانەدان کەسانی هەرە مەترسیدارن، سەرکردە و ئەمیری داعشی تێدایە".
لەگەڵ گەمارۆدانی زیندانەکە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا و هێرشکردنە سەری، زیندانییەکان هەوڵیانداوە هەڵبێن و لەنێوخۆدا پشێوی روویداوە، گولێ دەڵێ: "تەنانەت دەرگای زیندانەکە شکێندرا، بەڵام شەڕڤانان توانییان کۆنترۆڵی بکەن".
هێزەکانی سووریای دیموکرات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە بەڵێنەکانی بەجێنەگەیاندووە بۆ پاراستنی زیندانەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی پارێزراو. دوێنی دووشەممە هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەمبارەیەوە نیشاندا.
بەڵام سوپای عەرەبی سووریا، هەسەدە بە ئازادکردنی زیندانەکانی داعش و بەکارهێنانیان وەکو کارتی گوشاری سیاسی تۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا هەسەدە ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، سوپای عەرەبی سووریا بەمەبەست زیندانەکان دەکاتە ئامانج.
گولێ لەنێو زیندانی ئەقتان دەڵێ، دوای کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە "چەکدارەکان هاتن و هێرشیان کردە سەرمان و ویستیان ئەم چەکدارانەی داعش ئازاد بکەن، بەڵام شەڕڤانان بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و بەرگرییان کرد".
هێزەکانی سووریا ئاو و کارەبا و گەیاندنی خواردنیان لە زیندانەکە بڕیوە. گولێ دەڵێ، دۆخی نێو زیندانەکە خراپە و ئەو خواردنەوەی کە هەیە، ئەوەیە کە پێشتر لە زیندانەکە کۆگە کرابوو.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی رەققە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە، ژمارەیەک کەسی سڤیلیش پەنایان بۆ زیندانەکە برد تاوەکو خۆیان لە چەکدارانی سووریا بپارێزن، گولێ دەڵێ: "خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری زیندانەکە پەنایان بۆ ئێرە هێناوە، زۆرینەیان عەرەبن و کوردیشیان تێدایە، تاوەکو ئێستاش لای ئێمە ماونەتەوە".
لەبارەی ئەوەی ئایا دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی زیندانەکەوە هەیە یان نا، گولێ دەڵێ، هیچ دیار نییە.
لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆسەر زیندانەکان، گولێ دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکەیش بریندارن. گولێ دەڵێ، لەنێو بریندارەکان دوو شەڕڤانی ژن هەن.
گوڵێ باسی دۆخی بریندارەکان دەکات و دەڵێت: "لێرە پزیشک نییە و دەرمانیش نییە، بریندارەکان بەبێ تیمارکردن ماونەتەوە. برینەکانیان سەختە و هەندێکیان قاچیان پەڕیوە".
گوڵێ کە لە زیندانی ئەقتان گەرماردۆدراوە بانگەواز بۆ ئەمریکا دەکات و دەڵێ: "بانگەوازی ئێمە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەوەیە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئەم زیندانانە لە ئەستۆ بگرن. دەبێت لەسەر ئەم پرسە بوەستن و ئەمە بەرپرسیارییەتی ئێوەیە. ئەگەر ئەم بەرپرسیارێتییەی خۆتان جێبەجێ نەکەن، کەسانێک کە لێرەن ئەندامانی هەرە مەترسیداری داعشن، ئەمیری داعشیان تێدایە و کەسانی پەڕگیرن. ئەگەر ئەمانە ئازاد بن و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێ، کەس ناتوانێت بیانگرێت و دەبنە مەترسی، بەگشتی نەوەک تەنیا بۆسەر سووریا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو بۆسەر هەموو جیهان".
ئەو میدیاکارە لە پەیامێکیشدا لەبارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەڵێت: "ئەگەر ئەو گڵۆپی سەوزی پێنەکردووە، ئەم گرووپە چەکدارە چۆن دەتوانن بەم جۆرە هێرش بکەن. ئەوان دەزانن کە ئەم چەتانەی داعش لێرە زیندانی کراون و زۆر مەترسیدارن. تیرۆر وەکو گەورەترین هەڕەشە بۆسەر جیهان پیشان دەدرێ. ئەگەر دەستوەردانی خێرا و بەهێز نەکرێ، مەترسی بەردەوام دەبێت و کەس وەکو هەسەدە ناتوانێت ئەم رەوشە کۆنترۆڵ بکات".
گولێ کاتێک لەگەڵ رووداو قسەی دەکرد، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی تاوەکو چەند رۆژ دەتوانن بەرگە بگرن نەیدەزانی بڵێت چی، تەنیا گوتی: "ناتوانم بڵێم تاوەکو چەند رۆژ لەم دۆخەی ئێستا کە گەمارۆ درواین دەمێنینەوە، بەڵام تاوەکو دوایین سات بەرگری دەکەین".
لەنێو پەیوەندییەکەدا لەگەڵ رووداو، گولێ شپرزە بوو وەکو ئەوەی شتێکی لەناکاو روویدابێت، گوتی: "ببوورن رەوشی مەترسیدار لای ئێمە دروستبوو، دەبێت پەیوەندییەکە ببڕم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ